روسیا رەتیدەکاتەوە بەرپرسیارێتی رووداوەکانی قەرەباخ لە ئەستۆیدا بێت

وتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا دیموتری پێسکۆڤ وەڵامی رەخنەکانی ئەمینیای دایەوە و رایگەیاند، ئۆباڵی رووداوەکانی قەرەباغ لە ئەستۆی هێزی ئاشتیپاڕێزی رووس نییە.

پێسکۆف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، هێزەکانی ئاشتی پاڕێزی رووس لە قەرەباخ قارەمانانە ئەرکەکانیان راپەڕاندووە و دژی ئەوەین وەک بەرپرسیاری رووداوەکانی ئەو ناوچەیە دابندرێن.

وتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەرمینیا هاوپەیمانمانەوە و هێشتاش حکومەت و گەلەکەی بە دۆست و نزیکی خۆمان دادەنێین.

دیمیتری پێسکۆڤ هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەرمینیا لە سەر ئاستی جیاجیای دیپلۆماسی بەردەوامە، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و دژوارەی ئێستادا.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە ئەرکەکانیان لە قەرەباخ بەتایبەتی لە پێناو پاراستن و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچەیە بەجێدەگەیەنن.

دوای ئەوەی لە ژێر هەڕەشەکانی ئازەربایجاندا دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ئەرمەنیەکان لەو ناوچەیە دەستبەرداری چەک بوو، سەرۆکوەیزرانی ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان رایگەیاند، " کە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی هیچ رۆڵێکیان نەگێڕاوە و بێکاریگەربوون لەو قەیرانەدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەریڤان هەرگیز ناپاکی لە هاوپەیمانەکانی نەکردووە".

بەرپرسانی ئەرمینیا جەخت لەوەدەکەنەوە، کە هێزەکانی ئاشتیپاڕێزی رووسیا لە قەرەباخ ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکردووە، بەم هۆیەشەوە لە رۆژانی رابردوودا رەخنەکانیان لە مۆسکۆ زیادی کردووە و بەرپرسیارێتی ئاوارەبوونی ئەرمەنیەکان لەو ناوچەیە دەخەنە ئەستۆی ئەو وڵاتە.

هـ . ب