ئایا تورکیا و قەتەر هاوڵاتیانی غەززە لە سووریا نیشتەجێ دەکەن؟

بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە قەتەر و دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدەن هاوڵاتیانی غەززە لە کەمپەکانی باب و عەزاز کە پێشتر بۆ پەنابەرانی سووریا دروستکراون نیشتەجێ بکەن.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە ماڵپەڕی ئیسرائیلی i24NEWS بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی سووریا ئاماژەی پێکردووە، تورکیا و قەتەر هەوڵ دەدەن بەسەدان هەزار هاوڵاتی غەززی لە دوو کەمپی گەورەی پەنابەران لە باکووری سوریا کە نزیکە لە سنووری تورکیاوە نیشتەجێ بکەن.

یەکێک لەو کەمپانە دەکەوێتە نێوان باب و ئاختارین و ئەوی دیکەشیان دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی عەزاز. ئەم دوو کەمپە لەکاتی خۆیدا بۆ ئەو پەنابەرە سوورییانە دروستکراون کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە نەیانتوانی بچنە ناو خاکی تورکیاوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سانا کە ناوەندەکەی لە دیمەشقە، قەتەر و تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا لە هەوڵی نیشتەجێکردنی هاوڵاتیانی غەززە دەدەن لەو کەمپانە ئاماژەیان پێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی i24NEWS ی ئیسرائیلی کە پشت بە سەرچاوەیەکی سوری دەبەستێت، دوو ڕێکخراوی تورکی بە ناوەکانی AVAAZ و IHH جێبەجێکردنی پلانەکە کونتروڵ دەکەن.