لەو كاتەوەی كە روسیا هێرشی كردووەتە سەر ئۆكرانیا، روسیا رووبەڕووی گەماروەی هەرە قورس بووەتەوە لەلایەن رۆژئاواوە. لایكهم كەم ئۆلیگارشیەكان، برۆكراتەكان و بەهەزاران سەرمایەداری روسیا، توركیایان وەكو رێڕەوێك بۆ نیشتهجێبوون، وەبەرهێنان و خستنهگهڕی سەرمایەكانیان هەڵبژاردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتهرز، رۆژی دووشەممە، ٢٨ی ئادار، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە؛ توركیا پێشوازی لەكەسانی ئۆلیگارشی، تەكنۆكەرات و برۆكرات و هاوڵاتیانی روسیا دەكات و ئەوان دەتوانن بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەكان لەتوركیا بازرگانی بكەن.
بەگوێرەی رویتهرز، هۆكاری پێشوازیكردنی توركیا لەوەبەرهێنەرانی روسیا ئەوەیە كە ئابوری توركیا بەهۆی قەیرانی دراو و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، تووشی داڕمان بووە؛ بەمشێوەیەش لەئاستێكی هەرە بهرزدا توركیا پشتی بە گواستنهوهی نەوت و گاز و بازرگانی و گهشتیاری بەستووە.
بەگوێرەی كارناسان، ژمارەیەك لەكۆمپانیا گەورەكانی توركیا زیاتر لە دە ملیار دۆلاریان لەروسیا هەیە و روسیا بۆ بەردەوام بوونیان لەكارەكانیان و بۆ دابینكردنی مووچەی كارمەندەكانیان بەقەبووڵكردنی مەترسی داڕمان، خستووەتە ژێر زەخت و گۆشارەوە.
هەربەگوێرەی زانیاریەكان، نزیكەی ١٤ هەزار روسی لەدەستپێكردنی شەڕی ئۆكرانیاوە دەربازی توركیا بوون. زۆرێك لەوانە بەهۆی بلۆكەبوونی كارتی متمانەی ئەمریكی و ئاڵۆزیەكان لەكاروباری بانكی، بڕێكی زۆر دراوی كاشیان لەگەڵ خۆیاندا دەربازی توركیا كردووە. راوێژكارانی كڕین و فرۆشتنی مۆڵك و ماڵ دەڵێن، زۆرێك لەروسەكان بۆ كڕینی ماڵ و مۆڵك دراوی كاش و دراوی ئهلكترۆنی بەكاردێنن.
شرۆڤەكارەكان دەڵێن؛ رۆژئاوا رەنگە گۆشار بخاتە سەر توركیا بۆ گەمارو خستە سەر روسیا. دەوڵەتە رۆژئاوایەكان دەستیان بەسەر سەرمایە ئۆلیگاریشیەكانی روسدا گرتووە. یەدەگی ئاڵۆگۆڕی روسیایان بلۆكە كردووە و لەسیستەمی بانكی"سوئیفت"خستووەتە دەرەوە. لەبەر ئەوەش رەنگە لەمڕووە توركیاش ناچار بكەن هاوبەشی گەمارووەكانی سەر روسیا بكات.
هـ . ب