ئۆکرانیا بۆ 'ڕێککەوتنی کانزا ستراتیژییەکان' شاندێک ڕەوانەی ئەمریکا دەکات

حکومەتی ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا شاندێک ڕەوانەی واشنتۆن دەکات بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ڕێککەوتنی کانزا ستراتیژییەکان لە بەرامبەر هاوکارییە سەربازییەکان بۆ کیێڤ.

جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا یولیا سڤیریدێنکۆ، ڕایگەیاندووە کە شاندی ئۆکرانیا ئەرکی "بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان" لەسەر ئەم بابەتە ستراتیژییە وەردەگرێت. سڤیریدێنکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بابەتە گفتوگۆی ئۆکرانیا-ئەمریکا وەک 'پرۆسەیەکی بڕیاردانی هاوبەشی ڕوون' نیشان دەدات.

شایانی باسە لە مانگی شوباتدا گفتوگۆیەک لە کۆشکی سپی لە نێوان زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو. دوای ئەم دیدارە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەم چوارچێوەیەدا ڕووی نەدا. بەڵام لە کۆتایی مانگی ئاداردا ڕوونووسێکی نوێی ئەم ئەم بابەتە گەیشتە ئۆکرانیا.

لە ٣٠ی ئاداردا ترەمپ هۆشداری بە زێلێنسکی دا کە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە ڕەت بکاتەوە، ئەوا "تووشی کێشەیەکی گەورە" دەبێت.

جۆ بایدن سێ ساڵ لەمەوبەر کاتێک هێرش بۆسەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد، هاوکاری سەربازی و ئابووری پێشکەش بە ئۆکرانیا کرد. دۆناڵد ترامپ لە بەرامبەر ئەم هاوکارییە داوای ئەم ڕێککەوتنە لە ئۆکرانیا دەکات.

هەروەها کیێڤ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێش لە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بکات، گەرەنتی ئەمنی ئەمریکا لەسەر ئەو بەڵگەنامەیە زیاد بکرێت.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان، لە ڕوونووسی نوێی بەڵگەنامەکەدا باس لەو جۆرە گەرەنتییانە نەکراوە.