ئەمریكا: روسیا، توركیا بۆ دەربازبوون لە گەمارۆكان بەكاردەهێنێت

پوتین و ئەردۆغان لەچوارچێوەی راگەیەندراوێكی هاوبەشدا داوای هەڵگرتنی "هەنگاوی جددی"یان لەیەكدی كرد بەتایبەتی جەختیان لەسەر بەهێزكردنی هاوكارییەكان لەرووی گواستنەوە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، دارایی و توریزم (گەشتیاری) كردەوە.

دوابەدوای ناڕەزایەتیەكانی بەرپرسە ئەوروپیەكان لەنزیكبوونەوەی نێوان روسیا و توركیا، والی ئادیمو، جێگری وەزیری خەزێنەداری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە، كە مۆسكۆ هەوڵدەدات، توركیا بۆ دەربازبوون لەگەمارۆكان بەكار بهێنێت.

ئادیمو، رۆژی شەممە، ٢٠ی ئاب لەئاخاوتنێكدا لەگەڵ یونس ئەلیتاس، جێگری وەزیری دارایی توركیا ناڕەزایەتی وڵاتەكەی لەهەوڵدانی دامەزراوە و هاووڵاتیانی روسیا بۆ كەڵك وەرگرتن لەتوركیا بەمەبەستی دەربازبوون لەو گەمارۆیانەی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سی وڵاتی دیكە دژ بەمسكۆ سەپاندوویانە.

ئادیمو، سەرەڕای ئاماژە بە گرنگیدانی ئەمریكا بۆ سەركەوتنی ئابوری توركیا، پابەندبوونی وەزارەتی خەزێنەداری ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ بەشداربوون لەگەڵ دەوڵەتی توركیا و پاراستن و بەرقەراربوونی بەشی بانكداری ئەو وڵاتەی نیشاندا.

نزیكبوونەوەی روسیا و توركیا

بەگوێرەی رۆژنامەی"فایننشاڵ تایمز"، ئەم گۆڕانكاریانە دوای ئەوە روویاندا كە بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا ناڕەزایەتیی خۆیان نیشاندا لەوەی كە رەنگە توركیا ببێتە سەكۆیەك بۆ بازرگانی روسیا و دڵگرانی خۆیان لەمەڕ نزیكبوونەوەی مسكۆ و ئەنكەرە نیشاندا.

بەرپرسانی ئەوروپی هەڵسوكەوتی توركیا لەگەڵ روسیا لەم كاتەدا زۆر ئۆپۆرتۆنیستانەیان (هەلپەرستانە) پێناسە كردوە و جەختیان لەسەر رێككەوتنەكان لەسەر وزە و خواردن لەنێوان مۆسكۆ و ئەنكەرە کردوەتەوە، کە جێگای دڵگرانیە.

ڤیلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەچوارچێوەی چاوپێكەوتنیان لەرۆژی هەینی رابردوو لەشاری سوچی، سەبارەت بە بەهێزكردنی هاوكاریەكان لەبوارەكانی ئابوری و وزەوە رێككەوتن.

كۆشكی كرملین لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاند، هەر دوو سەرك كۆمار لەسەر "بەهێزكردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی" نێوان هەردوو وڵات و بەئامانج گەیشتنی ئامانجە هاوبەشەكان لەبواری ئابوری و وزەوە رێككەوتوون.

بەگوێرەی"فرانس پرێس"، هەردوو سەرۆك كۆماری توركیا و روسیا لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا داوای هەڵگرتنی "هەنگاوی جددی"یان بەمەبەستی بەهێزكردنی هاوكارییەكان لەبواری "گۆاستنەوە، كشت و كاڵ، پیشەسازی، دارایی و تۆریزم" كردووەتەوە.

هەردوولا هاوكات جەختیان لەسەر كاریگەریی ئەنكەرە بۆ گۆاستنەوەی گازی روسیا بۆ ئەوروپا بە رێگەی بۆریی گازی "تورك ستریم"یان كردووەتەوە.

لەو راگەیەندراوە هاوبەشدا، هاوكات ئاماژەیان بەوە كردوە، "هاوبەشە ئەوروپیەكان دەبێت سۆپاسگۆزاری توركیا بن كە بەبێ راوەستان گازی روسیای بۆ ئەوروپا گواستووەتەوە و ئاسانكاریان بۆ دەكات".

هاوكات هەر لە راگەیەندراوەكەیاندا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە بەشێك لەو بەهایەی هەناردەی گازی روسیا بۆ توركیا بەدراوی روسی"رۆبل" پێكبێت.

هەر لەسەر ئەم بابەتە، ئەلیكساندەر نوواك، جێگری سەرۆكی روسیا دەستپێكردنی "قۆناخێكی نوێ و بەئەنجامگەیاندنی دەرفەتگەلێكی نوێی" لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەنرخ بەناو كرد.

روسیا بەهۆی گەمارۆ ئابوریە بەرفراوانەكانی رۆژئاواوە كە لەپاش هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكرانیا پێكهاتن، چەندین مانگە لەهەوڵدایە بۆ رێككەوتنی نێودەوڵەتی بۆ بازاڕكردنی رۆبڵ لەبازارە ئابوریەكاندا.

ئەردۆغان پێش دانیشتنی سوچی هیوای خواستبوو، كە دیداری ئەمجارەیان لەگەڵ پوتین ببێتە "دەستپێكردنێکی تایبەت لە پەیوەندیەكانی هەردوو وڵات"دا.

ژ.ت