مەستورەی ئەردەڵان لەنێوان دوو کەلتوردا
مەستورەی ئەردەڵان لەنێوان دوو کەلتور و تێڕاونینی نالی و مەولەوی دا.
مەستورەی ئەردەڵان لەنێوان دوو کەلتور و تێڕاونینی نالی و مەولەوی دا.
قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە کاتێکی زیاتری دەوێت، بەداخەوە پەیجۆرکاران کەمتر خۆیان لەم بابەتە داوە، هۆکارەکەشی دیارە، کەلتووری سەردەست ئەمەی خوڵقاندووە، بەجۆرێک دەبێت ئەوەی بە مەستوورە وتراوە بەشاکار ناوببرێت.
ئەگەر کەمێک بگەڕێینە دواوە دەبینین ئەمە فەرهەنگی دوو دەستە خەڵکە، دەستەیەک دەیەوێت جەنگە سیاسییەکانی نێوان دوو ئەمارەت لە ناوبانگی ژنێکدا قەتیس بکات و پلاری لێبدات، کەلتوورەکەی تر کەلتورێکە زۆر بەڕێزەوە لە جێگەو پێگەی ژن دەڕوانێت.
دوای بەترۆپ گەیشتنی ململانێی نێوان هەردوو ئەمارەتی ئەردەڵان و بابان، کەئەمەش دەمانکێشێتە نێوان دوو باگراوندێکی تر ئەویش ناکۆکییەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانییەکانە و لەوەش گرنگتر ململانێی نێوان زمانی تازە دروست بووی ئەمارەتی بابان و رەگە هێقمەکانی زمانی دەربار و ئەدەبیاتی ئەمارەتی ئەردەڵانە کەئەویش هەورامییە.
ئەوەی ئیستە خوێنەر دەیخوێنێتەوە چەند پەڕەگرافێکە لە توێژینەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە کە ئەگەر دەرفەت هەبێت لەکتێبێکدا بڵاو دەبێتەوە.
ئەوەی گرنگە سەرنجی بخەینە سەر لایەنی کۆمەڵناسیانە و سایکۆلۆژیانەی دوو دەقی شیعرییە، یەکەمیان بەنەفەسەێکی تەنگ و سایکۆلۆژیایەکی شێواوەیە، کەمەبەست لە دەقەکەی نالی یە، من لێرەدا چەند دێڕێکی ئەو دەقە بەنموونە وەردەگرم، لەتوێژینەوەکەدا کارم لەسەر تەواوی دەقەکە کردووە.
مهستووره كه حهسناو و ئهدیبه به حیسابێ
هاته خهوم ئهمشهو به چ نازێک و عیتابێ!
هاتووم، وتی، عوقدهم ههیه، قهت مومكینه وا بێ؟
هیی تۆم ئهگهرهم مهسئهله حهل كهی به جهوابێ
ههر مهسئهله بیكرێ كه به تۆ شهرحی كرابێ
مومكین نییه كهس دهخڵی بكا چین و خهتا بێ
ئایینه به مایینه دهبێ ڕهنگ نوما بێ
«مهستووره» بهمهستووره دهبێ موهرهگوشا بێ
دەقەکە شیکردنەوەی ناوێت، کۆد و ئاماژەکان رونن، لەژێر پەردەی خەودا ( نالی کە وێناکەری ئەمارەتی بابانە) پەلاماری ( مەستوورە کە وێناکەری ئەمارەتی ئەردەڵانە ) دەدات، مەستوورە کە یەکەم ژنە مێژوونووسی کوردە کاتێک پێی دەڵێت ( بەحیسابێ) واتە خستنە ژێر پرسیاری کۆی تواناکانی ژنێک!!!
ئیدی بالەوەگەڕێین کە نالی مەستوورە وەک ژنێکی شەهوەتبازی دەرۆزەکەر بۆ باوەشی خودی نالی وەسف دەکات، واتە بەچۆکدا هاتنی هێزێک بەرانبەر بە هێزێکی دیکە.
هەندێ دەستەواژەی تر ( نەسوابێ، نەسمابێ، قڵهشابێ، یهعنی له وهسهت كانییه گهرمێكی تێزابێ، گیای لێ نهڕووابێ، ... هتد) ئەمانە ئەو دەستەواژە بەحیساب وەسف ئامێزانەن، بەڵام کام وەسف؟ ئەدەبیاتێک بۆ هەجوو، شکاندنی کەسایەتی مەستوورەیە.
لەبەرامبەردا چەند دێڕێکی مەولەوی وەردەگرین لە وەسفی مەستورەدا :
خورشیدەکەی ناز، ئەوجی بورجی سەور
سەرتوغرای دەفتەر مەحبووبان جە دەور
ها لە خانەکەی بورجی شەرەف دا
نوورئەفشانیشەن وە هەر تەرە ف دا
مەولەوی مەستوورە بە خورشیدی ناز وەسف دەکات کە لەبورجی سەوردایە، بەسەردەستەی مەحبوبانی دەور کە بەهەرچواردەوردا نور دەداتەوە.
پێم وابێت ئەم دوو نموونە بەسبێت بۆ بەراوردی دوو کەلتوور و دوو دیدگا.
ئەم نموونانە زۆرن، نزیکترین نموونە لەمەوە مەحوی و مەولەوین، هەردوکیان پەیڕەوکاری تەریقەتی نەقشبەندین، دەبینین مەولەوی جوانترین وەسفی بابایادگار دەکات کە یەکێکە لە حەفت تەنی ئایینی یارسان، بەپێچەوانەوە مەحوی سوکایەتی بە خاتو رەمزبار دەکات کە ئەویش هەفت تەنی ئەو ئایینەیە.
دەرفەت بڕەخسێت ئەم دوو بابەتە بەدوو توێژینەوەی جیا لەکتێبێکدا دەخوێننەوە.
نامق هەورامی