ئەو گیان لەسەر دەستەی بەڵێنەکەی بەدیهێنا؛ پۆڵات عەفرین

پۆڵات عەفرین لە ناوچەی بلبلییەی عەفرین دژ بە هێزەکانی تورکیای داگیرکەر چالاکیی فیداییانەی ئەنجامدا. یەک لەو گیان لەسەر دەستانە بوو کە دەیوت "مەگەر بەسەر تەرمەکەدا بڕۆن، ئەگینا ناتوانن بێنە ناو گوندەکەمەوە".

"ئێمە ئامادەین گیانی گرانبەهای خۆمان بۆ تۆڵەکردنەوەی هەڤاڵانمان بەخت بکەین. ژیانی ئێمەش بۆ سەندنەوەی تۆڵەی هاوڕێ گیان لەسەردستەکانمانە". ئەوە وتەی پۆڵات عەفرینە کە لە ١٢ی ئادار، لەناوچەی بلبلییەی عەفرین، دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەتەکانیان، چالاکیی فیداییانەی ئەنجامدا و شەهید بوو.

کاتێک شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستیپێکرد، پۆڵات عەفرین 'مەروان'، تەمەنی ١٧ ساڵ بوو. وەک هەزاران گەنجی تری کورد بۆ ئەوەی خەون و خولیای ئازادی گەلەکەی بهێنێتە دی بەشداری نێو ڕیزەکانی بەرخۆدان بوو. لە شەڕی دژ بە داعش، لە شەڕی بەردەوامی ٧ ساڵەدا لە هەموو بەرە و سەنگەرەکاندا هەمیشە لە پێشی پێشەوە بووە.

پۆڵات عەفرین دەیان جار بریندار بووە، بەڵام هیچ کاتێک خۆی لە تێکۆشان دانەبڕیوە. مەروان عەلی عەمار، ناسراو بە پۆڵات عەفرین، ناوی باپیری خۆی پۆڵات عەفرینی لەخۆی نا کە باپیری ساڵی ١٩٩٢ لە تێکۆشان دژ بە داگیرکەراندا شەهید بوو.

کاتێک کە دەوڵەتی تورکیا و گروپی چەتەکانیان، ڕۆژی ٢٠ ی کانووین دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ بەفرانبار دژ بە عەفرین دەستیان بە هێرشی داگیرکاریی کرد. پۆڵات عەفرین لە شەڕی دژ بە داعشدا بریندار بوو. لە نەخۆشخانەی ئەڤرین سێ جار نەشتەرگەرییان بۆ کرد.

 هێشتا برینەکانی ساڕێژ نەبوو بوون و نەیدەتوانی دەستی چەپی بەکاربهێنێت، بەڵام گوێی بە ناڕەزایەتیەکانی بنەماڵە و هەڤاڵەکانی نەدا و بۆ ئەوەی دژ بە داگیرکەران شەڕ بکات، ڕۆیشتە سەنگەرەکانی ناوچەی بلبلییە. پاش ئەوەی هاوڕێکانی گەڕاندییانەوە، ئەم جارەیان بەرەو سەنگەرەکانی مابەتا بەڕێکەوت.

پاش ماوەیەک، پۆڵات عەفرین لە مابەتای، لەلایەن هاوڕێکانییەوە گەڕێندرایەوە، ئەم جارەیان وتی "من دەڕۆمە گوندەکەی خۆم و لەوێ شەڕ دەکەم". بەو شێوەیەش ڕۆیشتە گوندی قزڵباش لە ناوچەی بلبلییەی عەفرین. ئێوارەی ١٢ی ئادار، لە دژی سەرباز و چەتەکانی تورکیای داگیرکەر، پۆڵات عەفرین تا دواین فیشەکی شەڕی کرد.

پێش ئەوەی پۆڵات عەفرین بڕواتە بەرەکانی شەڕ لە گوندەکەی خۆی، بە دایکی وتبوو "مەگەر بەسەر تەرمەکەمدا بڕۆن ئەگینا ناتوانن بکەونە ناو گوندەکەمانەوە". بە پێداگرییەوە لەسەر بەڵێنەکەی مایەوە. لە دژی داگیرکەران چالاکی فیداییانەی ئەنجامدا و بەشداری نێو کاروانی شەهیدان بوو.

ر.م