تەرمی ٣ شەڕڤانی قەسەدە لە تەل حەمیس بە خاک سپێردران

تەرمی ٣ شەڕڤانی قەسەدە بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهید راغب عەتییە بە خاک سپێردران.

هاووڵاتییانی ناوچەی تەل حەمیس تەرمی ٣ شەڕڤانی قەسەدە بە ناوەکانی، عەبدوڵا سلێمان عەبدوڵا (ئەلەند)، تامر ئیبراهیم حەسەن (سنجار تەل حەمیس) و حسێن مسلح عیسا (ئالان)، کە لە تەقینەوەی ٨ ی تەمووزدا لە شاری رەقا شەهید بوون بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهید راغب عەتییەدا، بەخاکیان سپاردن .

تەرمی هەر ٣ شەڕڤانەکە لە ئەنجوومەنی گەڕەکى عەنتەرییەى شاری قامیشلۆ وەرگیران و بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی شەهید راغب عەتییە رەوانە کران.

 لە گۆڕستانەکەدا بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی خولەکێک رێزگرتن بەڕێوەچوو و دواتر لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدە-وە مەراسیمێکی سەربازی ئەنجام درا.

عەبدوڵا حەسەن هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی تربەسپییێ وتەیەکی پێشکەشکرد و سەرەخۆشیى لە بنەماڵەى شەهیدان کرد و وتى "شەهیدان بە قارەمانێتیى خۆیان داستانى ئەفسانەییان بۆ گەلەکەیان تۆمارکرد. قارەمانیی شەهیدان دەبێتە پاڵەوانیى نەتەوە، چونکە نەتەوە بە بێ شەهید، بێ زمان و بێ مێژوو دەبێت".

پاشان ناسنامەی هەر٣ شەڕڤانی قەسەدە خویندرانەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران. تەرمی شەهیدان بە دروشمی "شەهید نامرن" و بە تیللیی دایکان لە گۆڕستانەکەدا بە خاک سپێردران.

ر.م