دڕەندەیى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین سنوورى نییە

دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین بەشێوەیەکى بێسنوور دڕەندەیى ئەنجام دەدات. دەوڵەتى داگیرکەری تورکیا و چەتەکانى لە عەفرین تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى ئەنجام دەدەن و دەوڵەتەکانى دونیاش تەنها سەیرکەری ئەو تاوانانەن و هیچ هەڵوێستێکیان نییە.

دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر و چەتەکانى لە عەفرین رۆژ بە رۆژ زیاتر تاڵانى، دزی، کۆمەڵکوژی، دەستدرێژی و وێرانکردنى سروشت ئەنجام دەدەن. ئەو بنەماڵانەى کە زوڵمى دەوڵەتى تورکیا و چەتەکان دەبین، مردن هەڵدەبژێرن و هەوڵ دەدەن لە ژێر دەستیان رابکەن. (خ.هـ) یەکێک لەو هاووڵاتییە عەفرینییانەیە، کە ماوەی ٣ مانگ دڕندەیى دەوڵەتى تورکیاى لە عەفرین بینى و خۆى لێ رزگارکرد. (خ.هـ) بەسەرهاتى خۆى کە لە ماوەی ٣ مانگدا لە عەفرین بەسەریدا هات بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) گێڕایەوە.

"دەستدەگرن بەسەر هەموو شتێکى خەڵکدا"

(خ.هـ) رایگەیاند، ئیتر لە ناوەندى عەفرین و گوندەکاندا دەرفەتى ژیان بۆ گەل نەماوە. لە هەلومەرجی قورس و دژواردا بەردەوامییان بە ژیان دەدا، بەڵام ئەوەیان پێ قبوڵ نەدەکرا لە ژێر داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیادا بژین. (خ.هـ) راشیگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا خانووەکەى بۆردومانکردووە و لەگەڵ زەویدا تەختیان کردووە. سەرباری ئەوەش ماوەی ٣ مانگ لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانیدا لە گوندی ماراتێ لە عەفرین مانەوە، بەڵام ٣ رۆژ لەوە پیش لە عەفرین هەڵهاتن.

ئەوەشى وت "ئێمە بە چاوى خۆمان ئەوەمان دەبینى کە زوڵم هەیە، خیانەت هەیە، مرۆڤ بە زیندویى دەسوتێنن، دەستدەگرن بەسەر هەموو شتێکى هاووڵاتییاندا، هاووڵاتییان ئەشکەنجە دەکەن و پارەیان لێدەسێنن. منیان دەستگیرکرد و ١٠ رۆژ زیندانیان کردم. ماڵێکیان کردبوو بە زیندان. ئەشکەنجەیان دام. بۆ ئەوەى خۆم رزگاربکەم بەڵێنم پێدان، کە پارەیان بدەمێ. ئەوانیش بە مەرجی ئەوەى دواى ٥ رۆژ لە ئازادکردنم ٥ هەزار دۆلاریان پێبدەم، ئازادیان کردم. بەڵام پارەم نەبوو، کاریشم نەبوو. رێگاکانیان گرتبوو. مرۆڤ چى پێ بێت لە رێگاکاندا لێى دەستێنن. ئەگەر قورشێکیشت هەبێت و پێویست بکات دەتکوژن و لێتى دەستێنن".

"ئێمە چۆڵەوانی قبوڵ دەکەین، بەڵام ئەو ژیانە قبوڵ ناکەین"

(خ.هـ) باسى ئەوەیکرد، لەماوەى ٥ رۆژدا لەگەڵ دایک و باوک و هاوسەری و منداڵەکانیدا لە عەفرین رایانکرد و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "باوکم تەمەنی ٨٠ ساڵە، دایکمیشم تەمەنی ٧٠ ساڵە و منداڵى وردیشم هەیە. منداڵەکانم لە رێگادا برسی و تینوبوون. ئێمە هەموو شتێکمان لە بەرچاو گرت و چاوەڕێى روودانى هەموو شتێکمان دەکرد. ئێمە دەمانەوێت ئیتر دەنگمان ببیسترێت و گوێمان لێبگیرێت. ئێمە لە گوند و شار و لەسەر زەویى خۆماندا بووین، بەڵام بەهۆى زوڵمەوە رامانکرد و ناتوانین بگەڕێنینەوە شوێنى خۆمان".

وتیشی "پێویستە دەوڵەتان و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگ نەبن. ئێمە ئێستا لە کەمپی سەردەمین. لێرە سەرمان ئاسوودەیە، بەڵام سەربارى ئەوەى، ئەوێ ماڵ و زەویى ئێمە بوو، تیایدا ئاسوودە نەبووین. ئێمە ئەم چۆڵەوانییە قبوڵ دەکەین، بەڵام ئەو ژیانەى ئەوێ قبوڵ ناکەین. ئێمە دەمانەوێت خەڵک و دونیا لەوە تێبگات و بیبیین کە چى روودەدات و ئێمە چى قبوڵ دەکەین و چی قبوڵ ناکەین. ئێمە دەمانەوێت ئەو زوڵم و داگیرکەرییە ببینرێت و چاوپۆشیى لێنەکرێت".

"مرۆڤ فڕێ دەدەن ناو بیر ئاوەکان و منداڵە کۆرپە و ساواکانیش دەکوژن"

(خ.هـ) ئاماژەى بەوەکرد، ئەتوانم بڵێم لە هەر گوندێکدا دەیان ژن رفێندراون و زۆربەیان نەگەڕێندراونەتەوە. (خ.هـ) لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەشکرد "هەموو ئەو کوردانەى لە عەفرین مانەتەوە، بەلاى ئەوانەوە ئاپۆییە. مرۆڤەکان فڕێ دەدەنە ناو بیری ئاو. کۆرپە و ساوا دەکوژن. تەنانەت کۆرپەڵەى ناو سکى دایکان دەکوژن. باشە دارەکان چ پەیوەندییەکان بە ئاپۆوە و بە کوردایەتییەوە هەیە؟ دارەکانیش دەبڕنەوە. هاووڵاتییان ئەشکەنجە دەدەن، دزی لە هەموو کەس و هەموو شتێک دەکەن و هەموو تاوانێک ئەنجام دەدەن. بەلاى دەوڵەتى تورکیاوە دزی شتێکى ئاساییە".

(خ.هـ) ئەوەشى وت "چی لە ماڵەکەى مندا هەبوو، هەموویان برد. دەرگا، پەنجەرە، وایەرەکانیشیان لیکردەوە و بردیان. ماڵەکەم بە تەواوى خاپوور بووە. ژنان دەڕفێنن. لە زۆربەى گوندەکاندا ژنان دەڕفێنن. لە ٢٠ ژن مەگەر تەنها ژنێک بتوانێت بگەڕێتەوە. هەموویان بۆ خۆیان دەبەن. ئەوانە هەمووی بەڵگەیان لەسەرە و سەلمێنراون. هەموو شتێکیان و دین و ئایینیان پارەیە".

"ئەوەى لە عەفرین روودەدات شەرمەزارییە"

(خ.هـ) رایگەیاند، دەوڵەتى تورکیا لەگەڵ چەتەکانیدا دەستدەگرن بەسەر هەموو شتێک و پارەى هاووڵاتییاندا و لەوبارەیەوە راشیگەیاند "بۆ ئەوەى پارە لە هاووڵاتییان بستێنن، تاوان دەخەنە پاڵ هاووڵاتییان. دەڵێن 'تۆ لەگەڵ رێکخستندایە، تۆ کاریان بۆ دەکەی، تۆ دەبێت ٥ یان ٧ هەزار دۆلار بدەیت'. ئێمەش نە پارەمان هەیە و نە کار. ئێمە لە کوێ پارە بێنین؟ ئاژەڵەکانیش دەکوژن، سروشت وێران دەکەن، منداڵان دەکوژن، پیر و بە تەمەنەکان دەکوژن و دەستگیریان دەکەن. کاتێک پێمان وتن پارەمان نییە، پێیان دەوتین 'زیندانەکانمان باشن بۆتان، تاوەکو تۆ پارە نەهێنیت لە زینداندا دەمێنیتەوە".

(خ.هـ) ئەوەشى وت "زیندانەکانى عەفرین پڕکراون لە هاووڵاتییانى عەفرین. لەماتێ زیندانێک هەیە و ئێستا ٣٠٠ کەسى تیادا زیندانیکراوە. چەندین منداڵ لەو زیندانەدان. ئەو منداڵانەی کە بنەماڵەکانیان بە دوایاندا دەگەڕێن لەو زیندانەدان. ئەوە تەنها ئەو شتانەیە کە من دەیزانم. زۆر کەسیان کوشت. لە هەر گوندێکدا زیندانێکیان دروستکردووە. ئەوەى لە عەفرین روودەدات شەرمەزارییە".

 "ئەردۆغان بۆ کوشتار و پاکتاوکاری هات بۆ عەفرین"

(خ.هـ) ئەوەى بە بیرخستەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا بە پاساوى یەپەگە / یەپەژە هێرشیکردە سەر عەفرین و لەبەردەوامیى قەسەکانیدا لەو بارەیەوە وتى "ئەوەى ئەنجامى دەدەن تیرۆرە. باشە کۆرپەڵەیەک کە لە سکى دایکیدایە چ پەیوەندییەکى بە یەپەگە و یەپەژەوە هەیە؟ بۆ ماڵەکانیان خاپوورکرد، بۆ دارەکان دەبڕنەوە، بۆ ئاژەڵەکان دەکوژن، ئەوانە بە چ پاساوێک ئەنجام دەدەن؟ هەمووکەس بەچاوى خۆى کوشتنى دەیان منداڵ و باپیرە و داپیرەى بینیوە".

ئەوەشى وت "چى لە عەفریندا هەبوو لەناویان برد. هیچیان نەهێشتووەتەوە. ئامانجى ئەردۆغان تەنها یەپەگە / یەپەژە نەبوو، بەڵکو ئامانجی کوشتار و پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژی و لە ناوبردن بوو. ئەو کارانەشی ئەنجامدا و ئێستاش بەردەوامە لە ئەنجامدانیان. دەبێت دەوڵەتەکان و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لەبەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگ نەبن. پێویستە هەموو کەس لەو زوڵمە تێبگات و بیبینێت و چارەیەکى بۆ بدۆزرێتەوە. نە ماڵەکانمان بۆ مایەوە، نە باخ و رەزەکانیشیان بۆ هێشتینەوە. ئێمە هیچمان لە کەس ناوێت. ئێمە تەنها ژیانى پێشووى خۆمان لە وار خۆمان دەوێت".

ر.م