'دەبێت کورد لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا یەکبگرن'

پارێزەر ئاینور پاشا رایگەیاند، پێویستە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان یەکبگرن و وتی، پرسی کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی پاڕادایمی عيبدوڵا ئۆجالانەوە چارەسەر دەکرێت.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا پارێزەران و بنەماڵەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی دوورگەی ئیمراڵی بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار ١٦٩ جار داواکارییان پێشکەش کردبوو، بەڵام سەرجەمیان بێ وەڵام مانەوە.

ئاینور پاشا ئەندامی دەستپێشخەری 'ئۆجالان بپارێزە' کە لە پاڕێزەرانی سوری پێکهاتووە، لەبارەی پرسی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

لەسەرەتای قسەکانیدا پارێزەر ئاینور پاشار وێڕای ئیدانەکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاند، ئەو پیلانگێڕییە لە کەسایەتی ئۆجالاندا بەرامبەر گەلانی رۆژهەڵآتی ناوەڕاست ئەنجامدراوە و ئامانجی پیلانگێڕان ئەوە بووە کە هیوای گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە لەناو ببەن.

لە مافەکانی بێ بەش کرا

ئاینور پاشا ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠٢١وە رێگە بە دیداری بنەماڵە و پارێزەران نادرێت لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی، "مافەکانی زیندانیان بە گوێرەی پەیماننامەی نێونەتەوەیی ساڵی ١٩٥٥ دیاری کراون. هەروەها زیندانی مافی ئەوەی هەیە چاوی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بکەوێت. بەڵام کاتێک مرۆڤ لە سیستمی ئیمراڵی دەڕوانێت، ئەو مافانە بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رەچو نەکراون و لەو مافانە بێبەش کراوە".

دەبێت سیستمی دەوڵەتی ئەشکەنجەکار دادگایی بکرێت

ئاینور ئەوەشی خستەڕوو، کە نیگەرانن لە بارەی دۆخی تەندروستی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەم جۆرە دووا: "لەم قۆناغەی دواییدا بە تایبەتی دوای بوومەلەرزەکانی ناوچەی ئەژە و مارمارە، هیچ زانیارییەک لە بارەی عيبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی بەدەستنەخرا. ئەو دۆخە لە رووی یاساییەوە بە واتای پێشێلکردنی مافی زیندانیانە. تورکیا یەک لەو دەوڵەتانەیە کە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای واژۆ کردووە. سەرباری سەرلێدان و داواکاری پارێزەرانیش هیچ وەڵامێک نادرێنەوە، باس لەوە دەکرێت کە سزای دیسپلین هەیە. ئایا ئەو سزای دیسپلینە چییە؟ بەگوێرەی یاسا ئەگەر زیندانییەک زیان بە زیندانیانی دیکە بگەیەنێت سزای دیسپلین دەدرێت و ئەو سزایە لە ١٥ رۆژ زیاتر تێناپەڕێت. زیندانی ئیمراڵی لە سیستمی ژووری تاکەکەسی پێکدێت. بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان ئەگەر زیندانییەک لە ژووری تاکەکەسیدا رابگیرێت ئەوە بە واتای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. سەرباری ئەوەی پارێزەران تانە لەو دۆخەش دەدەن، وەڵامێکی ئەرێنییان پێنادرێتەوە. ئەشکەنجە تاوانە، ئەوەی ئەو ئەشکەنجەیە ئەنجام دەدات، بە گوێرەی یاسای دەوڵەتان دەبێت دادگایی بکرێت".

مافی هیوا رەچاو ناکرێت

ئاینور پاشا جەختی کردەوە کە سزای زیندانی هەتاهەتایی توندکراو پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە و وتی، "هەر دەوڵەتێک سزای زیندانی هەتاهەتایی بە گوێرە یاساکانی خۆی جێبەجێ دەکات. بۆ وێنە لە سوریا هەر زیندانیەک دوای ٢٥ ساڵ چاوخشاندنەوە بە سزاکەی دەکرێت. تورکیاش ئەندامی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و دەبێت بە گوێرە بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بجوڵێتەوە. دەبێت بەڕێز ئۆجالان لە مافی هیوا سودمەند بێت، بەو پێیەی تەمەنی ٧٤ ساڵە و زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زینداندایە. بەڵام لە بری ئەوە گۆشەگیری توندتر دەکەنەوە و لەئێستادا هەلومەرجی زیندانی کردنی ئەو نازاندرێت".

سی پی تی ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات

پارێزەر ئاینور پاشا بە بیری هێنایەوە کە وڵاتانی ئەوروپی داواکاری مافی پەنابەرێتی عەبدوڵا ئۆجالانیان قەبوڵ کردبوو، هەر لە درێژەدا وتی، "راپۆرتەکانی سی پی تی، لە لایەن تورکیاوە ئاشکرا ناکرێن. هیچ گوشارێک لە لایەن سی پی تییەوە پەیوەست بەو دۆخە بوونی نییە. تائێستا دەبوایە سی پی تی راگەیەندراوی هەبوایە، بەڵام خۆی بێدەنگ کردووە".

هێزی چارەسەری پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالانە

ئاینور پاشا باسی لەوەکرد، کە پێویستە سەرجەم پارچەکانی کوردستان لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا یەکبگرن و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە هێز و گوڕو تینێکی گەورە بۆ گەلی کورد. پرسی وکرد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی پارادایمی بەڕێز ئۆجالانەوە چارەسەر دەبن".

هـ . ب