هێرشی بێ ئەخلاقی لە دژی کەمئەندامانی شەڕلە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرا

هێرشی بێ ئەخلاقی دەوڵەتی تورک، لە دژی کەمئەندامانی شەڕ لە زۆرێک لە شارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گردبوونەوە و خوێندنەوەی بەیاننامە شەرمەزار کرا.

بۆ شەرمەزارکردنی بەئامانجگرتنی ناوەندی فیدراسیۆنی کەمئەندامانی شەڕ لە قامیشلۆ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی ناوچەی چلاغا، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و فیدراسیۆنی کەمئەندامانی شەڕ لە حەلەب، بنەماڵەی شەهیدانی دێریک، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی قامیشلۆ و مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کەمپی نەورۆز لە ڕێگەی بەیاننامەی جیا جیادا بە  ئامانجگرتنی بێ ئەخلاقانە بۆ سەر ناوەندەکە شەرمەزار کرا.

لە ناوچەی چلاغا، لە بەردەم بارەگای مەجلیس، لەلایەن ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی چلاغا، حوسام حسێن، بە بەشداری ئەندامانی مەجلیس و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان بەیاننامەیەک خوێندرایەوە.

بەهەمان شێوە لە شارەکانی دیکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی بەیاننامەکاندا داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کراوە بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر بە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەتایبەت بۆ سەر ئەو کەمئەندامانەی لە شەڕی دژی تیرۆری داعش جیهانیان پاراست، هەوڵدانی جدیی بکرێت.

لە بەیاننامەکاندا بەئامانجگرتنی ناوەندی کەمئەندامان شەرمەزار کرا و داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە یاساییەکان کراوە گوشار بخەنە سەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و کاری بێ ئەخلاقی و نایاساییەکانیان ڕابگرن، هەرەها باس لەوەش کراوە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بێدەنگی خۆی بەرپرسیارە لە هێرشەکان.

هەروەها دانیشتووانی شاری قامیشلۆ لە بەردەم شوێنی ڕووداوەکە کۆبوونەوە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر فیدراسیۆنی کەمئەندامانی شەڕ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان شەرمەزار کرد.

لە شوێنی ڕووداوەکە بەناوی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری قامیشلۆ، بە زمانی کوردی لەلایەن هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی قامیشلۆ بەیاننامەکە خوێندرایەوە و بە زمانی عەرەبی لەلایەن هێڤی سەید بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی جزیر بەیاننامەکە خوێندرایەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکاندا بە گشتی بەڵێن درا کە بە پێی ڕێنماییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش.