ئەردۆغان و بارزانی گفتوگۆیان لەسەر چی کردووە؟

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبوویەوە. بارزانی بۆ مەراسیمی گۆڕینی ڕژێمی تورکیا بۆ ڕژێمی سەرۆکایەتی بانگهێشتى ئەنقەرە کرابوو.

پاش مەراسیمی گۆڕینی ڕژێم، کە ڕۆژی دووشەممە بەرێوەچوو، ئەردۆغان و بارزانی پێکەوە دانیشتنێکیان ئەنجامدا.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان "بارزانی و ئەردۆغان لەسەر پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ڕاوەستەیان کردووە. هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت ئەو پەیوەندییانە باشتر و بەهێزتر بکرێن".

ڕاگەیەندرا، نێچیرڤان بارزانی جگە لە دانیشتنى لەگەڵ ئەردۆغان، لەگەڵ سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا عەبدوڵا گیول و سەرۆک وەزیرانی پێشوو بینالی یلدرم دانیشتنی تری ئەنجام داوە.

داخۆ ئەو کۆبوونەوانە فەرمیی بوون؟

دەربارەی ئەو دیدارانە، زانیاریی بەرفراوان بڵاونەکراوەتەوە. ئەوەش سەرنجڕاکێشە کە دیداری نێوان ئەردۆغان و بارزانی لەناو ڕۆژەڤ و بەرنامەی فەرمیی سەرۆک کۆماری تورکیادا نەبوو. سەرۆک کۆماری تورکیاش دەربارەی ئەو دیدارانە، هیچ لێدوان و ڕاگەیەندراوێکی نەدا.

پێش ئەوەی خۆی بگەیەنێتە ئەنقەرە بە پەکەکەی وتبوو 'داگیرکار'

ئەم دیدار و دانیشتنانە لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێن، کە دەوڵەتی تورکیا زۆر لە ناوچەکانی باشووری کوردستانی داگیر کردووە. نێچیرڤان بارزانی پێش ئەوەی خۆی بگەیەنێتە ئەنقەرە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردبوویەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کردبوو بەهۆی ئەوەی کە سەرلەنوێ بوویەوە بە سەرۆک کۆمار. هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا، نێچیرڤان بارزانی هێرشی کردبوویە سەر پەکەکە و بە هێزێکی 'داگیرکار'ی ناوبردبوون.

 بارزانی بۆ خۆی لەبەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بێدەنگە و ئێستاش هەوڵ دەدات کە بیانوو بدۆزێتەوە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان.

ر.م