بوڵدان: دەنگەکانمان دەپارێزین و رێگا نادەین تورکیا وەک ئێران لێ بکەن

پەروین بولدان هاوسەرۆکى هەدەپە لە مێرسین لەگەڵ هاووڵاتییان کۆبوویەوە و رایگەیاند، لە دژى ئەو فەرمانەى ئەردۆغان بۆ هێشتنەوەى هەدەپە لە خوار بەربەستى هەڵبژاردنەوە، خاوەندارى لە دەنگەکانتان بکەن.

کار و چالاکییەکانى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) بۆ هەڵبژاردن تاوەکو درەنگانى شەو بەردەوامن. پاڵێوراوانى هەدەپە و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە لە گەڕەکى مەولانا لە ناوچەى تۆرسۆلار لە مێرسین لەگەڵ گەل کۆبوونەوە.

 پەروین بوڵدان رایگەیاند، دانیشتوانى ناوچەى تۆرۆسلار لە مێرسین دەنگ بە هەدەپە دەدەن و ئەوەش دەبێتە وەڵامێک بۆ حکومەتەکەى ئاکەپە.

بوڵدان راشیگەیاند "هەدەپە پارێزەرە و گەرەنتیى ئاشتییە. ئێمە کردارەکانى شەڕ لە یاد ناکەین. ئێمە گەڤەر، سوور و جزیر لە بیر ناکەین. فیگەن یوکسەکداغ، سەڵاحەدین دەمیرتاش و چەندین پەرلەمانتار و هاوسەرۆک شارەوانیمان زیندانیکراون و قەیومیان لە شوێنەکانیاندا داناوە. ئاکەپە هەوڵ دەدات بە سیاسەتى دەستگیرکردن و زیندانیکردن گەل چاوترسێن بکات، بەڵام با ئاکەپە باش بزانێت، ئێمە ناترسین و ئێمە لە بەرخۆدانەکەماندا هەنگاو بۆ دواوەوە نانێین".

 بوڵدان ئەوەشى وت "گەلانی کوردستان و تورکیا، کە بە دەست ئاکەپەوە زوڵمیان لێدەکرێت، دەتوانن لە رێگەى هەدەپە ئارامی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن".

بوڵدان ئاماژەى بەوەشکرد "حکومەتى ئاکەپە دەیەوێت هەدەپە لە خوار بەربەستى هەڵبژارادنەوە بمێنێتەوە و بۆ ئەوەش دەستیکردووە بە فرتوفێڵ و ساختەکاریى قورس و چڕوپڕ، بۆیە داوا لە هەمووتان دەکەم تاوەکو ئەو کاتەى ئەنجامى هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت بە وردی و بە پێداگرییەوە خاوەندارى لە سندوقەکان و دەنگەکان بکەن".

بوڵدان لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتیشى "بۆ ئەوەى عەقڵییەتى شەڕ کۆتایى پێ بێت و ئاشتی بێتە دی، دەبێت ئێمە سەربکەوین. رەجەب بەگ فەرمانى بە رێکخستەکانى حیزبەکەى لە هەموو شار و شارۆچکەکاندا کردووە، لیستى دەنگدەرانى بۆ بنێرین و ئەوانەى دەنگیان بە هەدەپە داوە دەستنیشانیان بکەن و قسەیان لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەى دەنگ بە هەدەپە نەدەن و هەدەپەش لە خواربەربەستى هەڵبژاردنەوە بمێنێتەوە، بەڵام هەرگیزاوهەرگیز ئەوەیان پێناکرێت. ئێمە خاوەندارى لە دەنگەکان و سندوقەکانمان دەکەین و رێگا نادەین ئەوەی دەیانەوێت جێبەجێى بکەن. با ئێوە دڵنیا و ئاسوودە بن، چونکە هەڤاڵانى ئێمە، کە ئەرکیان چاودێری و پاراستنى دەنگ و سندوقەکانە، لەسەر سندوقەکانى دەنگدان و بنکەکانى دەنگدادان خەریکى ئەنجامدانى ئەرکەکانیانن".

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە لەبارەى هەڕەشەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا بۆ گەڕانەوە و جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدان وتى "هێز و دەسەڵاتى تۆ بەشى ئەوە ناکات سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسێدارە بدەیت. کورد رێگا بەوە نادات. منیش لێرە دەڵێم چەندین ساڵە سزاى لەسێدارەدان لە تورکیا نەماوە، بۆیە داوا لە هەموو حیزبە سیاسییەکان دەکەم لە دژى ئەو عەقڵییەتە، کە دەیەوێت تورکیا وەک ئێران لێ بکات، بێدەنگ نەبن".

 لە کۆتایى میتینگەکەدا جەماوەرى گەل بە چەندین گۆرانیى کوردی و تورکی ئاهەنگ و شاییان بەڕێوەبرد.

ر.م