داخۆ نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ شەڕ لە دژی پەکەکە ئامادە دەکات؟

خدر عەلی شەنگالی بۆ وتارێکی بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا نوسیوە. شەنگالی وتەکانی نێچیرڤان بارزانی هەڵسەنگاندووە کە بە پەکەکەی وتبوو 'داگیرکەر' و بە هێزە داگیرکەرەکانی تورکیاشی وتبوو 'دۆست'.

"دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی کە بەشی هەرە گەورەی کوردستانیان داگیر دەکەن و دوژمنی هەموو کوردانن لە هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەوان دەڵێت دۆست. لەهەمان کاتدا نێچیرڤان بارزانی بە پەکەکە و گەریلاکان کە لەدژی داگیرکاریی تێکۆشانی ئازادی دەکەن، دەڵێت داگیرکەر. ئەم بیرکردنەوە لە کورداندا دەرکەوتووە و ناتوانێت وەک کوردان لە مەسەلەکان بنواڕێت. ئەگەر بێتو ئێمە ناومان نەهێنایە و بمانپرسیایە کێ ئەو لێدوانەی سەرەوەی داوە، هەموو کەس دەیویت یان ئەردۆغان یان بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی تورکیا ئەو لێدوانەی داوە. نێچیرڤان بارزانی وتەکانی ئەردۆغانی دووبارە کردووەتەوە و مەشروعیەتی بە هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا داوە و هێرشەکانی دوژمنی پەسەند کردووە. بەم شێوەیەش خۆی کردووە بە هاوبەشی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکیا.

نێچیرڤان بارزانی، داخۆ لە جێبەجێکردنی سووپای تورکیا لەسەر سنوور، پاش ڕیفراندۆم و داگیرکردنی کەرکوک دەڵێت "کوردان لە باشووری کوردستان تورکیا جوڵە پێ دەکەن؟، لەبەرئەوەی کە بە داگیرکاریی تورکیا لە باشووری کوردستان دەڵێت 'بەڵێ'، ئەو ئیدی بەجێکردنی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستانیش بەو شێوەیە راڤە دەکات. بەگوێرەی ئەم بیرکردنەوەیە، بۆ داگیرکاریی عەفرینیش دەوڵەتی تورکیا جوڵێنراوە. کوردانی عەفرین بە دروستکردنی ژیانێکی ئازاد و دیموکرات، تورکیایان جوڵاندووە. پەکەکە و گەریلاکان بە پاراستنی ژیانی ئازاد و دیموکراتی کوردان لە هەر چوار بەشی کوردستان، تورکیایان جوڵە پێکردووە. بە گوێرەی نێچیرڤان بارزانی، دەبێت کورد، پەکە و گەریلا دەست لەو ژیانە ئازاد و دیموکراتە بەربدەن.

با لە باشووری کوردستان، لە دوو، سێ شار، هەندێک کەس ببن بە دەسەڵاتدار و ئەو کەسانەش کاری سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورکیا بکەن، بەسە! بیرکردنەوەی نێچیرڤان بارزانی ئەمەیە. خۆی بۆ خۆی دەوڵەتی تورکیا کوردی سیخوڕ قەبوڵ ناکات. ئەگەر ئەمڕۆ بۆ مەرامی خۆی قەبوڵی بکات، ئەوە هۆکارەکەی ئەوەیە کە تێکۆشانی پەکەکە دەوڵەتی تورکیای تەنگەتاو کردووە. ئەو ڕۆژەی کە پەکەکەیان کۆتایی پێهێنا، سەرەی ئەو سیخوڕانەش دێت. ئەو کوردانەی کە بەم ڕاستییە نازانن، یان ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا ناناسن، یان خۆیان لە گێلێتیی دەدەن. ئەگەر خیانەت بکرێت، هیچ گوتەیەک بۆ ئەوە نیە، لەبەرئەوەی ئەو لەبەرەی دوژمندایە.

 ئێمە لە نێچرڤان بارزانی دەپرسین، کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، ئەگەر ١٢ گەریلا نەبوونایە، ئەو و پارتی دیموکراتی کوردستان 'پەدەکە' دەکەوتنە ناو چ بارودۆخێکەوە؟ ئەوان نەبوونایە، پارتێکی ئاوەها کە ڕێگە بۆ کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان دەکاتەوە؟ ١٢ گەریلا شەرەف و نامووسی پەدەکەیان ڕزگار کرد، ئەگەرنا ئەوان هەمیشە لەژێر تۆمەتی قورسی کۆمەڵکوژیی ئێزدیاندا دەمانەوە. داخۆ مامی نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسی یەکەمی پەدەکە مەسعود بارزانی، بۆچی ڕۆشتە مەخموور و سووپاسی هێزەکانی گەریلای کرد؟ ئەگەر لەسەر باشوور و هەولێر مەترسیەکی گەورە لە ئارادا نەبوایە، مەسعود بارزانی دەچووە مەخمور و ئەم هەڵوێستە نیشان بدات؟ هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەگەر بەرخۆدانی گەریلا لە مەخموور نەبوایە، ئەوا دەرگای هەولێر دەکرایەوە و چەتەکانی داعش خۆیان دەگەیاندە هەولێر. تەنها بە وتەی کە داعش دەگاتە هەولێر، نیوەی هەولێر چۆڵ کرابوو. ئێستا ئەو گەریلایانەی کە شکۆی پەدەکەیان ڕزگار کرد و هەولیر و کەرکوکیان لە چەتەکان پاراست، بوونە داگیرکار و ٢٠ بارەگای سەربازیی تورکیاش لە باشووری کوردستان دەبنە دۆست! ئەو کەسانە نابنە داگیرکەر، بەڵام گەریلاکانی کورد کە لەسەر خاکی خۆیانن دەبنە داگیرکەر. هاوبەشیی ئابووری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ تورکیادا ڕێگە لەبەردەم ئەم شتەدا دەکاتەوە کە تەنانەت خۆیشی نازانێت چی دەڵێت. نەک وەک کوردان، بەڵکو وەک پاترۆنێکی ئابوری دەدوێت.

گەریلا، نەک تەنها هەولێر، بەڵکو کەرکوکیشی پاراست. پاراستنی کەرکوک، پاراستنی سلێمانیشە. ئەگەر گەریلا نەکەوتایەتە ناو کەرکوک، گەل کەرکوکیان چۆڵ دەکرد. بەو شێوەیەش داعش دەکەوتە ناو کەرکوکەوە. لەبەرئەوە هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی و هێزەکانی گەریلا، چەندین ساڵە لە یەک سەنگەردا لە کەرکوک ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە. کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک، پارێزگاری کەرکوک لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە پارێزرا.

با نێچیرڤان بارزانی بزانێت، چۆن تورکیا داعش و ئەلنوسرای لەسەر سنوری سوریا بە جێکردووە، ئەگەر هێزەکانی گەریلا نەبوونایە، ئەوا بەهەمان شێوە لە سەرانسەری سەرسنوری سوریا هەتا ئێران، تورکیا چەتەکانی بە جێ دەکرد. هیزەکانی گەریلا، بەو شێوەیە باشووری کوردستان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان پاراستووە.

نێچیرڤان بارزانی بەم لێدوانانەی خۆی جگە لەوەی کە ڕەوایەتیی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەدات بۆ سەر باشووری کوردستان، هاوکات هەوڵ دەدات مەشروعیەت بۆ خۆی دروست بکات کە لەگەڵ سەربازانی تورکیا، هێرش بکاتە سەر گەریلا. واتە ئامادەکاریی دەکات کە خۆی بە خاوەن هەق نیشان بدات. نێچیرڤان بارزانی لەبەر ئەوە لێدوانێکی بەو شێوەیەی داوە. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شەڕ لە دژی گەریلا ڕادەگەیەنێت. شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و گەریلا تا دێت لە باشووری کوردستان بەرفراوان دەبێت، پێشمەرگەکانی پارتیش دەکەونە ناو ئەو شەڕەوە و سەرەیان دێت. لەبەرئەوە، دەبێت کورد هەموو وتە و لێدوانەکانی نێچرڤان بارزانی بە جددی وەربگرن. گەلی باشووری کوردستان هەستی بەمە کردووە و لە هەموو شوێنێک دەستی بە چالاکی ناڕەزایەتیی کردووە. دەبێت ئەم چالاکیانەی ناڕإەزایەتیی و پرۆتێستۆ، تەنها لە باشوور نەبن، بەڵکو لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و ئەوروپا و تەواوی جیهاندا لەلایەن کوردانەوە ئەم جۆرە چالاکیانە ئەنجام بدرێن.

هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا لە کاتی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و قەیرانی کەرکوک لەپێش چاوانە. لەبەرئەوە لێدوانی بەم شێوەیەی سیاسەتمەدارێکی باشووری کوردستان، بە دڵی هیچ کوردێک نیە. دەبێت نێچیرڤان بارزانی ئەم ڕاستییە ببینێت و تێبگات کە خزمەت بە چی دەکات. نێچیرڤان بارزانی و پەدەکە بەم هەڵوێستانەیان خۆیان دەخەنە ناو مەترسیەوە".