دانیشتنى دادگاى ئەوروپا بۆ دەرهێنانى پەکەکە لە "لیستى تیرۆر" بەڕێوەچوو

لەسەر سکاڵاى پەکەکە، دانیشتنى دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا بەڕێوەچوو. سکاڵاکە و دانیشتنەکە بۆ ئەوە بوو پەکەکە لە "لیستى تیرۆر"ی یەکێتیى ئەوروپا دەربهێنرێت. چاوەڕێ دەکرێت دادگاکە لە ٦ بۆ ٩ مانگى داهاتوودا، لەو بارەیەوە بڕیار بدرێت.

لەسەر سکاڵاى پەکەکە، دانیشتنى دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا بەڕێوەچوو. سکاڵاکە و دانیشتنەکە بۆ ئەوە بوو پەکەکە لە "لیستى تیرۆر"ی یەکێتیى ئەوروپا دەربهێنرێت. چاوەڕێ دەکرێت دادگاکە لە ٦ بۆ ٩ مانگى داهاتوودا، لەو بارەیەوە بڕیار بدرێت.

بۆ ئەوەى پەکەکە لە "لیستى تیرۆر"ى یەکێتى ئەوروپا دەربهێنرێت، لە دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا لە لوکسەمبورگ سکاڵا تۆمارکرابوو. چاوەڕێ دەکرێت لە ٦ بۆ ٩ مانگى داهاتوو لەسەر ئەو سکاڵایە بڕیار بدرێت. دەستەى دادوەریى دادگاکە رایگەیاند "کاتێک مرۆڤ سەیرى ئەم ١٠ ساڵەى رابردوو بکات، پەکەکە کردەى 'تیرۆری' ئەنجام نەداوە، بەڵام بۆ پێداگرى لەوە دەکرێت کە پەکەکە لەو لیستەیەدا بمێنێتەوە". پارێزەرەکانى پەکەکە لەو دادگایەدا وتیان "دادگاکە بە باشى بەڕێوەچووە. ئەگەرى ئەوە هەیە بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە".

تۆمارکردنى سکاڵا

پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٢ خرایە "لیستى تیرۆر"ى یەکێتى ئەوروپا. ئەو لیستە هەر ٦ مانگ جارێک نوێ دەکرێتەوە. موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان بە نوێنەرایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە ڕێگەى دامەزراوەى مافەکانى پارککەن ئۆلیڤێرا (prakken d'oliveira) هۆڵەندییەوە تانەیان لە لیستەکە دابوو. بۆ ئەوەش لە ١ى ئایارى ٢٠١٤دا /  ١١ى خاکەلێوە لە دیوانى دادپەرەوەریى ئەوروپا سکاڵا تۆمار کرابوو. دواى ٤ ساڵ لە تێکۆشان بۆ مافەکان، دانیشتن لەسەر ئەو سکاڵایە بەڕیوەچوو.

دانیشتنەکە سەرلەبەیانیى دوێنێ لە دیوانى دادپەوەریى ئەوروپا بەڕێوەچوو. پارێزەران ماریەکە ڤان ئیک و تامارا بوروما بەرگرییان لە پەکەکە کرد. ئەنجوونى ئەوروپا، کۆمسیۆنى ئەوروپا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ هێشتنەوەى ناوى پەکەکە لە "لیستى تیرۆر"دا قسەیان بۆ دادگاکە کرد.

ئیدعاکان بێ بنەمان

پارێزەرانى پەکەکە رایانگەیاند، ئەوەى ڕوو دەدات "کردەى تیرۆر" نییە، بەڵکو "شەڕە" و بەهۆى شەڕەوە هەندێک زیان ڕوو دەدات. پارێزەران راشیانگەیاند، لەسەر داواى تورکیا پەکەکە خراوەتە ئەو لیستەوە. نزیکەى ٧٠ تاوان، کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەوە نەکراوە خراوەتە پاڵ پەکەکە، بەڵام ئەوە تەنها ئیدعایەکى بێ بنەمایە لە دژى پەکەکە.

پەکەکە بەپێى پێوەرەکانى شەڕ جوڵاوەتەوە

پارێزەرەکان ئەوەشیان خستەڕوو، هەندێک کوشتار لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە ئەنجامدراون و خراونەتە ئەستۆى پەکەکە. پارێزەران وتیشیان "کاتێک پەکەکە هەندێک رووداو ئیدانە دەکات، وا لێکدەدرێتەوە کە گوایە پەکەکە ئەو کارەى ئەنجامداوە، بەڵام کاتێک سەیرى ئەو کوشتارانە دەکرێن، کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانى مەدەنى ئەنجامدراون، ئەوە بە ڕوونى دەبینرێت، کە دەیانەوێت گوشار لەسەر پەکەکە دروست بکەن". پارێزەرەکان راشیانگەیاند، پەکەکە بەپێى پێوەرەکانى شەڕ جوڵاوەتەوە و کارێکى نەکردووە کە پێچەوانەى بنەماکانى شەڕ بێت.

دواى بەرگریى پارێزەرانى بەڕێوەبەرایەتیى پەکەکە، ئەنجوومەنى ئەوروپا و بەرپرسانى کۆمسیۆنى ئەوروپا قسەیان کرد. ئەو دوو ڕێکخراوە رایانگەیاند، چالاکییەکانى پەکەکە بەردەوامییان هەیە و بۆ ئەوەش دەبێت پەکەکە لە "لیستى تیرۆردا" بمێنێتەوە. فەرەنسا و بەریتانیا جەختیان لەوە کردەوە، کە دەبێت پەکەکە لە "لیستى تیرۆردا" بمێنێتەوە.

بۆچی پێداگرى لەسەر مانەوەى پەکەکە لە لیستەکەدا دەکەن؟

دواى بەرگرییەکان، دەستەى دادوەریى دادگاکە پرسیاری لە پارێزەرانى هەر دوولا کرد. دەستەى دادوەریى دادگاکە لە پارێزەرانى ئەو لایەنەى، کە دەیانەوێت پەکەکە لە لیستەکەدا بمێنێتەوە، پرسى "ماوەى ١٠ ساڵە پەکەکە کردەى 'تیرۆری' ئەنجام نەداوە. باشە بۆ ئێوە پێداگرى لەسەر ئەوە دەکەن پەکەکە لەو لیستەدا بمێنێتەوە؟ لە بەردەوامیى دادگاکەدا ئەوە دەرکەوت، کە پارێزەرانى ئەو لایەنەى دەیەوێت پەکەکە لە لیستى تیرۆردا بمێنێتەوە، نەیانتوانى وەڵامى ئەو پرسیارە بدەنەوە و تەنها بە باسکردنى چالاکییەکانى رابردوو، دەیانخواست بەرگری لە داواکەیان بکەن.

پارێزەرانى بەڕێوەبەرایەتیى پەکەکە رایانگەیاند، پەکەکە لە چالاکییەکانیدا هێزە سەربازییەکانى کردووەتە ئامانج و ئەوە هیچ دروست نییە، کە مرۆڤ چالاکى لە دژى هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە عەقڵیەت و تێگەیشتنى تیرۆریزم راڤە بکات. پارێزەران راشیانگەیاند، لەبەر ئەوەى پەکەکە شەڕ لە دژى داعش دەکات، نابێت پەکەکە "بە رێکخستنێکى تیرۆر" پێناسە بکرێت و پێویستە دەستەى دادوەرى ئەوە لەبەرچاو بگرێت.

پارێزەران: دادگاکە بە باشى بەڕێوەچوو

دواى دانیشتنەکەى دادگا، پارێزەران ماریکە ڤان ئیک و تامارا بروما وتیان "دادگاکە بە باشى بەڕێوەچووە. گفتوگۆ لەسەر هەموو ئارگیومێنتەکانى ئێمە کرا. بۆ ئەوەى بڕیارێکى دروست بدرێت، گفتوگۆى زۆر و گرنگمان ئەنجامدا. بە بڕواى ئێمە لە دواى ئەو دانیشتنە، ٢ بڕیار هەڵدەوەشێنرێنەوە. یەکێکیان ئە بڕیارەیە کە پەکەکە لە ساڵى ٢٠١٤ەوە لە لیستەکەدا هێڵراوەتەوە و ئەی تریشیان ئەو بڕیارەیە، کە نابێت شەڕى چەکدارى بە "کردەى تیرۆر" پێناسە بکرێت. بە بڕواى ئێمە، دادوەرەکانى ئە دادگایە بەوشێوەیە بیر ناکەنەوە و بۆچوون و نیگەرانی خۆیان لە دژى ئەنجوومەنى ئەوروپا خستەڕوو.

پەکەکە بەرامبەر بە هاووڵاتیانى مەدەنى هەستیارە

پارێزەران وتیشیان "ئێمە بە دادگامان وت، پەکەکە بەرامبەر بە هاووڵاتیانى مەدەنى زۆر هەستیارە و لەو بوارەشدا ڕێوشوێنى پێویستى گرتووەتەبەر. رەنگە هەندێک جار هەندێک کەموکوڕی ڕووبدات، بەڵام ناکرێت لەسەر کارەکانى کەسێک، ڕێکخستنێک بە گشتی تاوانبار بکرێت، چونکە پەکەکە بۆ خۆى ئەو کەسانە سزا دەدات، کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانى مەدەنى هەستیار نین، یان کارێک دەکەن زیان بە هاووڵاتیانى مەدەنى بگەیەنێت".

دەبێت دەوڵەتە ئەوروپییەکان بەپێى بڕیارەکان بجوڵێنەوە

پارێزەران ئەوەشیان خستەڕوو، ئەگەر لەلایەن دادگاوە بڕیارێکى باش و گونجاو دەربکرێت. بڕیارەکە ڕێگا بۆ ئەنجامى گرنگ خۆش دەکات. دەبێت هەموو بڕیارەکانى دواى ساڵى ٢٠١٤ لە دژى پەکەکە هەڵبوەشێنرێنەوە و ماف بۆ ئەو کەسانە بگەڕێندرێتەوە کە زوڵمیان لێکراوە و مافەکانیان زەوتکراوە.

چاوەڕێ دەکرێت دیوانى دادوەریى ئەوروپا لە ماوەی ٦ بۆ ٩ مانگ دا بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە بدات.

سەرچاوە: ئۆزگیور پۆلیتیکا