داواکار گشتیى دەوڵەتى تورک سکاڵای لە دژی ١٩ پەرلەمانتاری هەدەپە تۆمار کرد

داواکاری گشتیى دەوڵەتى تورک بە پاساوی ئەوەی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی وتەکانى پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە و فاتمە کورتولان سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە نەوەستاونەتەوە، سکاڵا لە دژی ١٩ پەرلەمانتاری هەدەپە تۆمار کرد.

ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، داواکارى گشتیى کۆماری لە ئامەد لە دژی ١٩ پەرلەمانتاری هەدەپە، کە لە دژی وتەکانى پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) و فاتمە کورتولان سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە نەوەستاونەتەوە، سکاڵاى تۆمار کرد.

داواکارى گشتى بە پاساوی ئەوەى پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە لە رۆژانى ٢٧ و ٢٨ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ / ٥ و ٦ی گەڵاڕێزان لە ئۆتێل دەمیری ناوچەى سووری ئامەد لە کۆبوونەوەى 'چارەسەریى نەتەوەیى و قەیرانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست' دا پڕوپاگەندەى کردووە و هەروەها فاتمە کورتولان لە ٩ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ / ٧ی گەڵاڕێزان لە چالاکیى بەردەم ئۆفیسی ئازج پلاز لە ئامەد لە دژی ئۆپەراسیۆنى دەستگیرکردنى ١٠٠ کەس لە ئامەد، کۆنفرانسى رۆژنامەنووسیى بەڕێوەبردووە و بەوە پڕوپاگەەندەى کردووە، سکاڵاى تۆمار کرد.

داواکارى گشتى بە پاساوی ئەوەى بوڵدان لە وتەکانیدا پڕوپاگەندەى بۆ رێکخستن کردووە و ١١ پەرلەمانتاری هەدەپە لە دژی وتەکانى نەوەستاونەتەوە سکاڵایەکى تۆمار کردووە. دیسانەوە بە پاساوی ئەوەى کورتولان پڕوپاگەندەى بۆ رێکخستن کردووە و ٨ پەرلەمانتاری هەدەپە لە دژی وتەکانى نەوەستاونەتەوە، سکاڵای لە دژی ٨ پەرلەمانتاری تری هەدەپە تۆمار کرد.

عەبدوڵا کۆچ ئەندامى کۆمسیۆنى دادپەرەوەریى پەرلەمان و پەرلەمانتاری ئاگریى هەدەپە رایگەیاند، هیچ تاوانێک بوونی نییە و هەر بۆ خۆیان تاوان دروست دەکەن و دەیانەوێت ئەو تاوانە بتاشن و بیکەنە نمونەیەک بۆ تاشینى تاوان.

ناوی ئەو ١٩ پەرلەمانتارەى هەدەپە کە لە دژی وتەکانى بوڵدان و کورتولان نەوەستاونەتەوە و سکاڵایان لە دژ تۆمار کراوە بریتین لە: سەعید دەدە، سەمرا گیوزەل، تەیب تەمەل، عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو، عومەر ئۆجالان، شەڤین جۆشکون، گوڵستان کلچ کۆچیت، محەمەد روشتو تریاکی، مەراڵ دانش بەشتاش، فاتمە کورتولان، رەمزییە تۆسون، توما چەلیک، عەبدوڵا کۆچ، سەرپیل کەمالبای، بەدیعە ئۆزگۆکچە، پەرۆ دوندار، ساڵیحە ئایدەنیز، ئەبرو گیونەى و نوران ئیمیر.

ر.م