"دەبێت بە دڵنیایی و پێداگرییەوە دەنگ بە هەدەپە بدەین"

پاڵێوراوی هەدەپە لە چەولیگ ئەردال ئایدەمیر دەربارەی هەڵبژاردن و دەنگدان وتی "بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لە وڵاتەکەمان ئارامی، دادپەروەری، ماف و ئاشتی سەروەر بن، دەبێت بە دڵنیایی و پێداگرییەوە بچینە سەر سندوقەکانى دەنگدان و دەنگ بدەین".

پاڵێوراوی هەدەپە لە چەولیگ ئەردال ئایدەمیر دەربارەی هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ، بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئوزگیور پۆلیتیکا دوا و وتی "ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران تێدەکۆشین و سەردەکەوین. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە چەولیگ هەر سێ کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستبهێنین. هەموو خەبات و بەرنامەی ئێمەش بۆ ئەوەیە".

ئایدەمیر لە بەردەوامیی وتەکانیدا ڕایگەیاند "پاش هەڵبژاردنی ١ی تشرینى دووەم، لە مەیدانی سیاسییدا زۆر پێشهات روویانداوە. لە دژی سیاسەتەکانی ئێمە، بە تایبەتی هاوسەرۆکانی حزبەکەمان و پەرلەمانتارانمان، وتەبێژی فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەماندا، بەڕێوەبەرانی خۆجێیمان، هاوسەرۆک شارەوانییەکانمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، ئەندامانی ئەنجومەنەکانمان لە شارەکاندا، بە شێوەى نایاسایى و بە ناهەق دەستگیرکراون و خراونەتە کونجی زیندانەکانەوە. لەبەرئەوە کاتێک مرۆڤ تەماشا بکات، دەبینێت هەر لە زووەوە بڕیاری هەڵبژاردنیان داوە. هەر بۆ ئەوەشە ئەو هەموو فشار و هێرشانە دەکەنە سەر حیزبەکەمان و دەیانەوێت بەو شێوەیە هەدەپە لە مەیدانی سیاسیدا سڕ بکەن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو فشار و هێرشانەش، ئێمە باوەڕمان وایە کە ئێمە لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا سەردەکەوین. ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران بۆ ئێمە واتایەکی گرنگی هەیە. تاکە ڕێگای چارەسەریی ئاشتییانەی دۆزی کورد، بە سەرکەوتنی ئێمە دەبێت لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا".

ئایدەمیر بانگی لە خەڵکی چەولیگ لە دەرەوەی وڵات کرد و وتی "بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لە وڵاتەکەماندا ئارامی، دادپەروەری، ماف و ئاشتی سەروەر بن، هەرچۆنێک دەبێت ئێمە بە دڵنیایى و پێداگرییەوە بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆمان بدەین. ئەم دەرفەتە مێژووییە. دەبێت ئێمە خۆمان بگەیەنینە هەموو کەسێک کە مافی دەنگدانی هەیە و بیانبەینە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بۆ ئەوەى پرسى کورد و هەموو کێشەکانى تری تورکیا چارەسەر ببن.".

ر.م