نەرویج چ سەودایەکی لەسەر ڕادەست کردنەوەی تاشدەمیر بە تورکیا کردووە؟

عینایەتی: تاشدەمیریان کردە قوربانی بەرژەوەندیەکانی نێوان نەرویج و تورکیا. ئەو داتا و زانیاریانەی دۆسیەکەی کە لەناو کۆمپیوتەری پارێزەرەکەیدا هەن، ئەو ڕاستییە نیشان دەدەن.

چالاکوان نیگارعینایەتی جەختی لەوە کردەوە کە لە پیلانگێڕیەکدا، نەرویج گولزار تاشدەمیری ڕادەستی تورکیا کردووەتەوە و وتیشی " تاشدەمیریان کردە قوربانی بەرژەوەندیەکانی نێوان نەرویج و تورکیا. ئەو داتا و زانیاریانەی دۆسیەکەی کە لەناو کۆمپیوتەری پارێزەرەکەیدا هەن، ئەو ڕاستییە نیشان دەدەن."

وڵاتی نەرویج، ڕۆژی ٤ ی ئەم مانگە گوڵزار تاشدەمیری ڕادەستی تورکیا کردەوە و ناڕەزایەتیەکانیش لە دژی ئەو ڕادەستکردنەوەیە بەردەوامن. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چاپەمەنیی و ڕای گشتیی کە پەیوەندیان بەو دۆسیەیەوە هەیە و لە بەرامبەر نەرویج دەستیان بە کەمپەینێک کرد.

لە تورکیا بڕیاری دەستگیرکردنی گوڵزار تاشدەمیر درابوو. گوڵزار لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥، لە نەرویج داوای مافی پەنابەرێتیی کردبوو. داوای مافی پەنابەرێتی پاش ١١ مانگ، لە مانگی تەباخی ساڵی ٢٠١٦دا، لەلایەن حکومەتی نەرویجەوە ڕەتکرایەوە.

لە مانگی تەشرینی یەکەم/خەزەڵوەر-ی ساڵی ٢٠١٧ دا گوڵزار تاشدەمیر بەمەبەستی داوای مافی پەنابەرێتیی سەردانی ئەڵمانیای کرد. ئەڵمانیاش بەهۆی پەیمانی دوبلن، داوای مافی پەنارێتیی تاشدەمیری ڕەتکردەوە. ڕۆژی ٢ ی ئەم مانگە، ئەڵمانیا تاشدەمیری بە کەلەپچەکراوی ڕادەستی نەرویج کردەوە. حکومەتی نەرویجیش ماوەی دوو ڕۆژ تاشدەمیریان زیندانیی کرد و پاشان لە ٤ی ئەم مانگەدا بە بیانووی 'وتەکانی ڕاست نین'، گولزار تاشدەمیر-یان ڕادەستی تورکیا کردەوە.

پێشبینی دەکرێت کە تاشدەمیر لە ئێستادا، لە ئەستەنبوڵ لە 'لقی دژە تیرۆر'دایە و هیچ زانیاریەکی لەبارەوە نازانرێت. تا ئێستاش نە بنەماڵەکەی و نە پارێزەرەکانی تاشدەمیر، ئاگادار نەکراونەتەوە. ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئۆسلۆ نیگار عینایەتی کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا پەیوەندیی لەگەڵ گوڵزار تاشدەمیر هەیە، جەختی لەوە کردەوە کە ڕادەستکردنەوەی تاشدەمیر پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی داوای مافی پەنارێتیەوە نیە و وتیشی "تاشدەمیر بەهۆی سەودای نێوان نەرویج و تورکیاوە تاشدەمیر ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە. ئەو ڕووداوانەی کە لەم دواییانەدا ڕوویان دا، ئەو ڕاستیە بە ڕوون و ئاشکرایی دەردەخەن."

'تاشدەمیر بەهۆی سەوداوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە'

نیگار عینایەتی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕادەستکردنەوەی تاشدەمیر بە تورکیا، بەهۆی سەودایەکەوە بووە و وتیشی "گوڵزار تاشدەمیر دەربارەی ئەو کارە سیاسیانەی خۆی کە ئەنجامی دابوون، ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و وێنەی پێشکەش بە فەرمانگەی پەنابەرانی نەرویج کردبوو، بەڵام دیسان بڕیاری ڕەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەرێتیی بۆ گوڵزار درا. ئێمە دەزانین کە هەزاران کەس لە نەرویج و وڵاتانی تری ئەوروپا، بە بێ ئەوەی کاری سیاسییشیان کردبێت و مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت، مافی پەنابەرێتیان وەرگرتووە. بەڵام کەسێک کە لە تورکیا بەدوایدا دەگەڕێن و سزای بۆ بڕدراوەتەوە، لەلایەن نەرویجەوە ڕادەستی تورکیا دەکرێتەوە.

ساڵی ٢٠١٦ لە ڕێگەی باڵوێزخانەوە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیەکانی گوڵزار تاشدەمیر کرا و ڕاگەیاندرا کە ئەو هیچ شتێکی نیە. بەڵام ئێمە دەزانین کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا سەردۆزگەری کۆماریی لە بایەزید، بە بیانووی 'ئەندامی ڕێکخستنی چەکدارییە'، دۆسیە بۆ گوڵزار تاشدەمیر کراوەتەوە. لە حاڵەتێکی وەهادا یان ئەوەتا کە تورکیا وڵاتی نەرویجی هەڵخەڵەتاندووە یان ئەوەتا کە بە مەبەست ڕاپۆرتێکی وەها ئامادە کراوە. ئێمە دەزانین کە تورکیا ئاوا بە ئاسانی ناتوانێت نەرویج بخەڵەتێنێت. ئەوکات تەنها شتێک دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە لە ئەنجامی سەودایەکی نێوان هەردوو وڵاتەوە، گوڵزار تاشدەمیر ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە."

داخۆ لە بەرامبەر فەتحوڵاییەکاندا ڕادەست کراوەتەوە؟

ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئۆسلۆ نیگارعینایەتی جەختی لەوە کردەوە کە گوڵزار تاشدەمیر لە ئاکامی گەلەکۆمەیەکدا ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە و وتیشی "ئەمە گەلەکۆمەی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا و نەرویجە. گوڵزار تاشدەمیر بووەتە قوربانی ئەم ڕێککەوتن و گەلەکۆمەکیە چەپەڵە. لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا ٢٤٥ کەس کە دەڵێن سەر بە جەماعەتن، هاتوونەتە نەرویج و داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە. دەوڵەتی تورکیا داوای ئەو کەسانەش دەکاتەوە لە نەرویج. نەرویجیش بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە تورکیا ئاسایشی تێدا نیە، گولزار تاشدەمیریان ڕادەستی ئەو وڵاتە کردەوە و بەوەش دەیانەوێت مافی پەنابەرێتیی بدەن بەو ٢٤٥ کەسەی کە دەوترێت سەر بە جەماعەتن 'مەبەست لە جەماعەتی فەتحوڵا گولەن'ە. ئەم گفتوگۆیە لە ئێستادا لە نەرویج هەیە. ئەگینا گوڵزار تاشدەمیر نەخۆشی سەختی هەبوو. نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنی هەیە و پێش ماوەیەکی کەم نەشتەرگەریەکی بۆ کرابوو. کاتێک کە گوڵزار تاشدەمیریان ڕادەست کردەوە، لەناو ئازاردا دەتلایەوە، کە کەلەپچەشیان کردە دەستی، هاوار لە دکتۆرەکان دەکەن. لە ناو بارودۆخێکی وەهادا گوڵزار تاشدەمیر ڕادەستی تورکیا کرایەوە. نەرویج دژ بە مرۆڤایەتیی تاوانی ئەنجام دا. با هەموو کەس و لایەنێکیش بزانێت کە وڵاتی نەرویج لە ژیانی گوڵزار تاشدەمیر بەرپرسیارە. ئەوەش نیشانی دەدات کە ڕادەستکردنەوەی گوڵزار بەهۆی سەودایەکی نێوان تورکیا و نەرویجەوە بووە. لەناو ئەو پیلانگێڕیەشدا، دەزگا سیخوڕیەکانیش بوونیان هەیە.

زانیاریەکانی سەر کۆمپیوتەرەکەی لەلایەن کێ وە و بۆچی بەکارهێنران؟

ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئۆسلۆ نیگار عینایەتی باسی لەوەش کرد کە پاش ڕادەستکردنەوەی گوڵزار تاشدەمیر بە تورکیا ڕووداوی سەرنجڕاکێش ڕوویان داوە و وتیشی "زانیاریی ناو کۆمپیوتەری پارێزەری دۆسیەکە و زانیاریەکانی ناو لاپتۆپەکانی ئەندامانی 'کۆمەڵەی پشتیوانی لە گوڵزار تاشدەمیر' لەیەک کاتدا براون. زانیاریەکانی ناو لاپتۆپەکانی ئەندامانی 'کۆمەڵەی پشتیوانی لە گوڵزار تاشدەمیر"، بۆچی و لەلایەن کێ وە براون؟ ئەوە کارێک نیە کە لەلایەن ئەو کەسانە خۆیانەوە کە لەسەر دۆسیەکە کار دەکەن ببرێت. دەزگا سیخوڕیەکانی تورکیاش لە نرویج ناتوانن کارێکی بەو شێوەیە بکەن. لەبەرئەوە تەنها شتێک کە دەمێنێتەوە ئەوەیە کە دەزگا سیخوڕیەکانی نەرویج ئەو کارەیان کردووە. بۆچی ئەو کارەیان کردووە؟ دیارە کە نایانەوێت پرسەکە بچێتە بەردەستی دادگای نێونەتەوەیی و بۆئەوەی نەبێتە ڕۆژەڤ، ئەو کارەیان کردووە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئێمە دەستبەرداری ئەو دۆسیەیە نابین."

'ئەو وێنانەی کە لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە لەلایەن نەرویجەوە پێیان دراوە'

نیگار عینایەتی وتیشی "فەرمانگەی پەنابەرانی نەرویج، تەواوی وێنە و بەڵگەکانی گوڵزار تاشدەمیریان ڕادەستی تورکیا کردووە. ئەو وێنانەش کە لە میدیاکانی تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئەو وێنانە کە ئێمە پێشکەش بە فەرمانگەی پەنابەرانی نەرویج-مان کردبوو. ئەوەش هەم لە دژی یاسا و مافەکانە لە نەرویج، هەم لە دژی یاساکانی پەنابەرێتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەگەر داوای مافی پەنابەرێتیی کەسێک ڕەتبکرێتەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک وێنە و بەڵگەکانی ئەو کەسە ڕادەستی وڵاتەکەی یان وڵاتێکی تر بکرێتەوە. ئەوەش نیشانی دەدات کە لە ئەنجامی پیلانگێڕیی و سەودایەکی چەپەڵی نێوان تورکیا و نەرویجدا، گوڵزار تاشدەمیر ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە و ئەمەش تاوانێکە کە نەرویج ئەنجامی داوە.

'نەرویج خیانەتی لە کوردان کردووە'

ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئۆسلۆ نیگار عینایەتی بە بیری هێنایەوە کە نەرویج بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتی دەناسرێت و وتیشی "دواین جار ساڵی ٢٠٠٩ بوو کە نەرویج نێوبژیوانی لە نێوان پەکەکە و تورکیادا کرد. ئەو لایەنەی نەرویجیش هەیە. بەڵام بەم بڕیارەی و بە ڕادەستکردنەوەی گوڵزار تاشدەمیر، خیانەتی لە کوردان کرد. کوردیش هیچ کات و بە هیچ شێوەیەک ئەمە لەبیر ناکات. ئێستا کەمپەینێک دەستیپێکردووە و ئامانجیش لەو کەمپەینە ئەوەیە کە ئەم بڕیارەی نەرویج لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مەحکوم بکرێت.

ک-ش