پارێزه‌رانی كرماشان ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین ده‌كه‌ن

سه‌نته‌ری پارێزه‌رانی كرماشان ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین ده‌كات و ڕایگه‌یاند: ئەو شەڕە، زۆر رەهەندی مەترسیدارتر و ئاڵۆزتر لە پەلامارەکانی داعش بەدوای خۆیدا دێنێت و دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵگیرسانی کۆمەڵێک شەڕی قورس لە وه‌ڵاتانی ناوچەکە.

دەستەی مافی مرۆڤی سەنتەری پارێزەرانی دادگه‌کانی کرماشان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بە ڕاگەیەنراوێک، هێرشی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر عەفرین بەتووندی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: ئەو شەڕە زۆر ڕەهەندی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دێنێت و لەوانەیە لەسەر زۆر شتی کەم بەها، وه‌ڵاتانی ناوچەکە به گژ یەکتریدا بکات.

له‌ ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤیی سەنتەری پارێزەرانی کرماشاندا هاتووه‌: لەچەند ساڵی رابردوودا و لەدوای ئەو هەموو ئازار و برینەی کە لە ئه‌نجامی دڕندایەتی داعش و گرووپە توندڕه‌وه‌جیهادییەکان هاتە ئاراوە، زەمەنێکی تاریک لە هەڵڕشتنی قین و دەستدرێژی و کوشتن و تاوان، باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا کێشا. مافی مرۆڤ و بەها جیهانییەکانی هەروەک ئاشتی، گەشەی بەردەوام، ئارامی، ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەرچاوە ژینگەییە تەندرووستەکان و مافی ژیان، ڕووی لە پاشەکشە کرد و زۆر شوێنی ئارام کرانە شوێنی نائارام و ئاڵۆز کە ژیان تێیدا ئەستەم بێت.

«لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە زەمەنی دوای داعش، شاڵاوێکی دیکەی هێرشی تۆپخانەیی و چەکە مەترسیدارە سەربازییەکان و لە ئاستێکی بەرزتر و بەرفرەوانتردا، ئەوجار لە دژی گەلی کورد لە عەفرین-ی سووریا، لەلایەن وه‌ڵاتی تورکیاوە بەڕێوە دەچێت. ئەوجار هێرشی وه‌لاتێک لە دژی بەشێک لە خاکی وه‌ڵاتێکی دیکە و بە پشتیوانی ئاشکرای وه‌ڵاتانی ناوچەکە و وه‌ڵاتی هێرش بۆسەرکراو لە ئارادایە. بەو هۆیەی کە لایەنێکی شەڕەکە تورکیایە کە مێژووی ئەو وه‌لاتە پڕە لە بێ‌ڕێزی و قەبووڵ نەکردنی بنەما و بەها هاوبەشە مرۆڤییەکان، ئەو شەڕە، زۆر ڕەهەندی مەترسیداتر و ئالۆزتری دیکەی لە دەستدرێژییەکانی داعش، بەدوای خۆیدا دنێت و دەتوانێ ببێتە بناغەی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش و لەوانەیە لەسەر شتە کەم بەهاکانیش، وڵاتانی ناوچەکە بە گژ یەکتری دابکات.»

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌: ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئه‌مڕۆ تورکیا بە هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپە جیهادییە توندڕه‌وه‌کان بەسەر عەفریندا سەپاندوویه‌تی کە خۆبەڕێوەبەرییەکی تا ئاستێک ئۆتۆنۆمی هەیە، ژیان و مافەکانی کوردەکان، لە ئاستێكی بەرفرەواندا بەرەو لەناوچوون دەبات.

«تورکیا، به‌بێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهاگەلێکی وەکوو ئاشتەوایی و جێگیربوونی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە یەکگرتن و هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپە مەزهەبییە توندڕه‌وه‌کان، شەڕێکی دەست پێکردووە کە کۆتاییەکی پڕمەترسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دێنێت و لەوانەیە ببێتە هۆی قڕکردن و ژینۆسایدی تەواوەتی گەلی کورد. عەفرین کە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئارامترین و هێمنترین ناوچەی سووریا بووە، ئەم ڕۆژانە بووه‌ته‌ ئامانجی شاڵاوی کوشتن و له‌ناوبردن. ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بناغەی هێمنی و ئارامی ئەو ناوچەیە  لەبەریەک هەڵتەکێ.»  

ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی سه‌نته‌ری پارێزه‌رانی دادگه‌كانی كرماشان له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌: ئێمە وەکوو ئەندامانی دەستەی مافی مرۆڤ، سەرەڕای وەبیرخستنەوەی بەها گەردوونییەكان و خاڵی ٣ی جاڕنامەی گەردوونی مافه‌كانی مرۆڤ، پێداگرین لەسەر ئەوەی کە کردەوەکانی تورکیا هەڕەشەیە لەسەر ئاشتەوایی و بەپێی خاڵی ٣٩ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەفتاری دەستدرێژیكارانه‌یه‌. هەر بۆیە پێویستە ئەو بابەتە بەپێی خاڵی ٧ی جاڕنامەی ئەنجومەنی ئاسایش بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە، هەڵوێستی پێویست و بەپەلە بۆ پاراستنی ئاشتەوایی و ئارامی ناوچەکە، وەربگیرێت.

له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: هاوپەیمانی و یەکگرتنی ناموبارەکی گرووپە سەلەفیستە جیهادییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی نییە و دەتوانی بە ژینۆساید کردنی کورد و گەلانیتری عەفرین، کۆتایی پێبێت. بۆیە ئێمە وەک دەستەی مافی مرۆڤ، بە پاڵپشتی لە هەموو ئەو بانگەواز و ڕاگەیەنراوانەی کە بۆ ڕاگرتن و نەهێشتنی کوشت و کوشتار بڵاوکراونەتەوە، داوا لە وه‌ڵاتان و بەرپرسان دەکەین کە زەمینەی ڕاگرتنی شەڕ و هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچە کوردییەکان بڕەخسێنن و بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان لەگەڵ هەموو شەڕفرۆشییەک ڕاگەیەنن و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بۆ بەرقەراری ئاشتی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپڵۆماسی، چڕتر بکەنەوە.