یه‌كێتیی ئه‌ورووپا: پرسی كورد، یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ختترین كێشه‌كانی توركیا

له‌ ڕاپۆرتی پێشكه‌وتن-ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، یه‌كێك له‌ سه‌ختترین كێشه‌كانی توركیا پرسی كورده‌.

بڕیاره‌ له‌م ڕۆژانه‌دا ڕاپۆرتی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی دانوستانه‌كانی به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بڵاوبكرێته‌وه‌. ده‌گوترێت له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هیچ بنه‌مایه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ دیداره‌كان.

چه‌ند به‌شێكی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوبكرێته‌وه‌، له‌ هه‌فته‌نامه‌ی «Welt am Sonntag»ی ئه‌ڵمانیا بڵاوكرایه‌وه‌. 

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ ڕووی دادپه‌روه‌ری، سه‌روه‌ری قانوون، مافه‌سه‌ره‌كییه‌كان و ئازادی ڕاده‌ربڕین توركیا پاشه‌كشه‌ی زۆری كردووه‌. هێما بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دیداره‌كانی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچن، پێویسته‌ توركیا باری نائاسایی هه‌ڵگرێت كه‌ له‌ دوای كوده‌تاكه‌ی توركیاوه‌ ١٥٠ هه‌زار كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌ستگیركراون و ١١٠ هه‌زار كارمه‌ندیش له‌ كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌. له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون، په‌یامنێر، نووسه‌ر و پارێزه‌رانی مافی مرۆڤ هه‌ن.

پرسی كوردان

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ده‌رباره‌ی پرسی كورد ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، یه‌كێك له‌ سه‌ختترین كێشه‌كان، پرسی كورده‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی توركیا بووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی په‌كه‌كه له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا‌ دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌.

s.m