دایکانی شەممە ئامادەکاری بۆ چالاکیی هەفتەی ١٠٠٠ـەمینی خۆیان دەکەن کە دەرئەنجامی ٢٩ ساڵ تێکۆشانە. بەم بۆنەیەوە ٣٩ ئەندامی پەرلەمانی نیوزلەندا لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە.
دایکانی شەممە کە هەموو هەفتەیەک لە گۆڕەپانی گالاتاسارای کۆدەبنەوە، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی ئەوکات سولێمان سۆیلو، لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٨، دوای ئەوەی پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکیی دایکانی شەممە، چالاکییەکە لە هەفتەی ٧٠٠ــەمیندا لە مەیدانەکە قەدەغەکرا. دایکان دژی ئەم بڕیارە تانەیان لە دادگای دەستووری دا. دادگای دەستووری قەدەغەکردنی مەیدانەکەی بە پێشێلکردنی ماف زانی و ماف درایەوە بە دایکان.
دوای بڕیاری دادگای دەستووری، لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٣، دایکانی شەممە بۆ ماوەی ٣٠ هەفتە هەرجار کە دەیانویست چالاکییەکەیان بەردەوام بکەن، ئەشکەنجە و هێرشیان دەکرایە سەر و دەستبەسەر دەکران. دوای ٣٠ هەفتە لە تیکۆشانی دایکان، بە بڕیاری پارێزگاری ئەستەنبوڵ بۆ سنووردارکردنی هەژماری بەشداری دایکان لە چالاکییە بۆ تەنها ١٠ کەس کەم بکرێتەوە، دایکانی شەممە جارێکی دیکە هاتنەوە گۆڕەپانی گالاتاسارای. بەڵام ئاکەپە بڕیارەکەی دادگای دەستووری بە تەواوی جێبەجێ نەکرد و گۆڕەپانەکە کە شوێنی یادکردنەوەی دایکانی شەممەیە بە تەواوی بەڕووی چالاکییەکانی دایکاندا ناکاتەوە.
٣٩ پەرلەمانتار داوا لە ئەردۆغان دەکەن
پێش هەفتەی ١٠٠٠ـەمینی چالاکییەکە کە لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٤بەڕێوەدەچێت، ٣٩پەرلەمانتاری نیوزلەندا لە نامەیەکیان بۆ تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوایانکردووە بڕیارەکانی دادگای دەستووری جێبەجێ بکرێن و گۆڕەپانی گالاتاسارای بەڕووی چالاکییەکانی دایکان بکرێتەوە.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای دەستووری سەبارەت بە دایکانی شەممە بگیرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر.