٥ی ئەیلول ژنانی کورد لە ئەوروپا کۆنفڕانسی راوێژ ئەنجام دەدەن

كەنەكە لەسەر ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی ڕاوێژی لە ئەوروپا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: ڕاوێژی ژنان به‌ پێشنیار، پروژه‌، وپلان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ وگرفه‌ته‌كان كۆتایی به‌ كاره‌كانی خۆی ده‌ههینێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی ژنانه‌وه‌ به‌ سه‌ر ده‌كه‌وێت

"له‌ به‌رامبه‌ر ڕه‌وشی ناله‌بار و داگیركردنی كوردستان، ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا كۆنفرانسێكی ڕاوێژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ سه‌ره‌تادا مه‌ترسیه‌كانی داگیركاری له‌ سه‌ر كوردستان، تاڵانكردنی سامانه‌ ژێرزه‌مین وسه‌رزه‌مینیه‌كان، هێرشكردن بۆ سه‌ر سروسشتی كوردستان، زیادبوونی هێزی میلیتاریستی، وای كردووه‌ كه‌ ئێمه‌ی ژنان هه‌ڵوێستی خۆمان ئاشكرا بكه‌ین و ڕاگه‌ینین.

ژنان له‌ قه‌یران وئاڵوزیه‌كانی كوردستان دوور نیین، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ گوڕینی دیموگرافیا، په‌نابه‌ری، وسیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ ونه‌هێشتنی سه‌رچاوه‌ دارایه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ژیانی ژنانی كورد خستووته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

به‌ هۆی ڕه‌وشی ناله‌باری كوردستان نزیكه‌ی دوو ملیون كورد له‌ ئه‌وروپا هه‌ن، زۆربه‌یان په‌نابه‌رن و ژیانیان به‌ زۆر بەزه‌حمه‌ت ده‌گوزه‌رێت، ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كانیش به‌ هۆی به‌رژه‌وه‌ندی وبازرگانی خۆیانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستان هاوپه‌یمانییان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ هۆكاری گرنگن وا ده‌كه‌ن كه‌ ژنان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات ده‌نگی خۆیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌، چاره‌نووسی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپاشه‌وه‌ به‌ رووداوه‌كانی شه‌ڕ، ئاڵوزی و قه‌یرانه‌كان كه‌ له‌ سه‌ر كوردستان فه‌رز كراون به‌ستراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌  یه‌كێك له‌ ڕۆژه‌ڤه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ڕاوێژی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا ڕاوه‌سته‌ كردنه‌ له‌ سه‌ر ڕه‌وشی ژنانی له‌ باكوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوی كوردستان هه‌روه‌ها له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات.

 له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ میانی ئه‌م ڕه‌وشه‌ تایبه‌ته،‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك پێكهاته‌كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كوردستان وه‌كو ( ئێزدی، عه‌له‌وی، فه‌یلی، زه‌رده‌شتی، هه‌ورامی، یارسانی ، كاكایی و موسڵمان) پیویستی به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌، ده‌بێت ژنانی كوردی ئه‌م پێكهاتانه‌یش سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ وگرفت و زه‌حمه‌تییه‌كانیانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن.

به‌شێكی دیكەی ڕاوێژی ژنان له‌ سه‌ر چۆنییه‌تی ئاواكردنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ژنانه‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ژنان ده‌توانن به‌ تێگه‌یشتنێكی ڕاسته‌وه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژوویانه‌ كه‌ له‌ ئارادان به‌كار بهینن.

به‌ تایبه‌تی له‌ به‌ر قه‌یران و گرفته‌ قوڵه‌كانی ده‌وڵه‌تانی وه‌كو توركیا، ئێران، عێراق و سوریا ده‌رفه‌ت دورست بووە كه‌ كورد بتوانێت خۆی له‌ داگیركاری ڕزگار بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پیویستی به‌ یه‌كێتی ویه‌كڕیزی هه‌یه‌، له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی یه‌كیێتی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ ژنان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌، له‌ ڕاوێژی ژنانی كورد له‌ ئه‌وروپا ژنانی سه‌ر به‌ رێكخستنه‌ سیاسیی وكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕا وبۆچونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یننه‌ سه‌ر زمان.

ڕاوێژی ژنان  به‌ پێشنیار، پروژه‌، وپلان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ وگرفه‌ته‌كان كۆتایی به‌ كاره‌كانی خۆی ده‌ههینێت."

ف.ق