بانگەوازی بۆ بەشداری لە چالاکییەکانی ١تا ١٠ی تشرینی یەکەم

کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" داوای لە هەموو لایەک کرد لە چالاکییەکانی ١-١٠ی تشرینی یەکەمدا بەشداری بکەن.

کەمپەینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە بە پێشەنگایەتی کەسایەتیە نێونەتەوەیییەکان لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە، داوای لە هەموو لایەک کرد بەشداری چالاکییەکانی ١ هەتا ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بکەن.

سی پی تی وەڵامی نامەکانمانی دایەوە

لە بەیاننامەکەدا باس لە چالاکیەکانی ساڵی ڕابردوو کرا و راگەیەندرا، "هەوڵ و چالاکییەکانمان گەیشتە ئەو ئاستەی کە سی پی تی وەڵامی نامەکانمان بداتەوە و لەگەڵمان کۆبووەوە، کە تا ئێستا هەنگاوێکی لەو شێوەیەی نەنرا بوو."

لە١٥ی ئایار سی پی تی وەڵامی نامەکانمانی سەبارەت بە ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالانی دایەوە و ڕایگەیاند کە لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکە دەکەن. هەروەها لەگەڵ سی پی تی سەبارەت بە دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

نامەیەک لە لایەن براوەکانی خەڵاتی نۆبلەوە

لە بەیاننامەکەدا سەبارەت بە ساڵی ڕابردوو هاتووە تۆڕێکی نێونەتەوەیی لە پارێزەران، سەندیکا کرێکارییەکان، سیاسەتمەداران، چالاکوانان، هونەرمەندان، ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵەی گەنجان لە ئاستێکی بەرفراواندا دەستیان بە چالاکی و تێکۆشان کرد و ئاماژە بەوە کرا کە زۆرێک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکان، گردبوونەوەکان، چالاکیی ناڕەزایەتی و دانیشتن، چالاکیی ستاند و سیمینار بەڕێوەچوو.

لە ساڵی یەکەمی کەمپەینەکەدا، ٦٩ کەسایەتی براوەی خەڵاتی نۆبل نامەیان بۆ سەرۆکی CPT هەنارد. لەم پڕۆسەیەدا بابەتی زۆر گرنگ لەسەر کێشەی کورد و بارودۆخی زیندانیان لە تورکیا لە ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکاندا بڵاوکرانەوە.

بانگەوازی بەشداربوون بۆ چالاکییەکانی ١ هەتا ١٠ی تشرینی یەکەم

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەداخەوە سەرەڕای هەوڵەکانمان نەمانتوانی کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بهێنین کە ماوەی ٣ ساڵ و نیوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە خراوەتە بارودۆخێکی نایاسایی و گۆشەگیریی" لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراە، "بۆیە لە نێوان ١بۆ ١٠ی تشرینی یەکەم، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵوەگەڕی کەمپەینەکە، لە شکاندنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی نزیک دەبینەوە، بۆیە داوا لە هەمووان دەکەین ئەوەی لە توانادایە باشتر و زیاتر بیکەن بۆ سەرکەوتنی ئامانجەکانمان."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی بۆ هەموو لایەک کراوە کە چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی کارە دیپلۆماسیەکان بەرز بکەنەوە و کتێب و پارێزنامەکانی عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر بخوێننەوە و بۆ شکاندنی گۆشەگیری دەست بە چالاکیی بەرفراوانتر بکەن.

عەبدوڵا ئۆجالان دەستبەرداری ئێمەنەبوو، ئێمەش تاکۆتایی خاوەنداری لێدەکەین

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەمە شەڕێکی فکرییە و ئەگەر دەستبەرداری نەبین هەموومان سەردەکەوین، عەبدوڵا ئۆجالان چارەکە سەدەیەکە لە دوورگەیەکی داخراو گۆشەگیر کراوە و سەرەڕای ئەمەش دەستبەرداری گەلی کورد و مرۆڤایەتی نەبوو، ئەرکی ئەخلاقی و مرۆییە و ئێمەش بە هەموو هێزمانەوە خاوەنداری لێدەکەین."