کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی گشتی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسەی کرد و پێشهاتەکانی نرخاند.
باقرخان بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر دانانی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگ و بە کودەتا ناوی برد، گوتی: "شارەوانییەکەمان بەشێوەیەکی نامەردانە دەستی بەسەردا گیراوە".
باقرخان ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای هەوڵی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکان بۆ گواستنەوەی دەنگدەران و گۆڕینی جولەمێرگ بۆ ناوەندێکی سەربازی بەڵام توانیان جولەمێرگ بەدەست بهێنن، جولەمێرگ ئیرادەی خۆی دژی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە پیشانداوە.
باقرخان ڕایگەیاند بەرامبەر ئەم کودەتایە بێدەنگ نابن و ڕێگەیان پێ نادەن و هاوشانی گەلی جولەمێرگ بەرخۆدان دەکەن، دووپاتی کردەوە شارەوانییەکە بەدەست دەهێننەوە و گوتی" بەرامبەر ئەم ناهەقی و نایاسایی و ساختەکارییە دەڵێین: ئیتر بەسە".
باقرخان ئاماژەی بەوە کرد، هاوسەرۆکی شارەوانی محەمەد سدیق لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە وەک کاندید قبووڵکرا، ئێستە دەڵێن "بەڕێوەبەری ڕێکخستنە"، ئەوکات بۆ ئەم کێشەیە نەبوو، بۆچی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕێگەی بە کاندیدبوونی داوە.
باقرخان دووپاتی کردەوە، بناغەی هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە لەسەر دژایەتی کوردان بنیاتنراوە، ئاماژەی بەوە کرد پرسەکە لەمەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئەم هەوڵە نکۆڵییە لە ڕاستی گەلی کورد لەلایەن ئاکەپە-مەهەپەوە، گوتی: "ئیتر بۆتە پرسی شکۆی نەتەوەیی، ئێمە بانگەواز لەوانە دەکەین کە خاوەن ویژدان و خاوەن شکۆن و دەڵێن "ئێمە کوردین" و لەنێو ئاکەپە جێ دەگرن، دژی ئەم ناهەقییانە دەنگ هەڵبڕن".
باقرخان لە درێژەدا گوتی: "ڕەنگە ئامانجەکە ئیرادەی گەلی کورد لە جولەمێرگ بێت، بەڵام بۆسەیەکە بۆ ئەوانەی خوازیاری ئاشتی و دیموکراسیین. ئێستە نەبێت، ئەی کەی یەکبگرین؟ کاتێتی لە کرێکارانەوە تا هەژاران، ژنان و بندەستان و دیموکراتەکان لە هەموو جێگەیەک، لە هەموو شەقامێک، لە هەموو کوچەیەک، هەموو پێکەوە، کورد و تورک و عەلەوی و سوننی کۆببینەوە و بڵێین: ئیتر بەسە".
باقرخان ڕایگەیاند ڕزگاری گەنجان و ژنان بە تێکۆشان دژی کودەتا دەبێت، گوتی: "قیبلەنمای ئێمە بەرخۆدان و تێکۆشانی هاوبەشی وانە. دەبێت بناغەی تێکۆشانی هاوبەش لە هەموو جێیەکی تورکیا بڵاوببێتەوە".
لەکۆتاییدا باقرخان دووپاتی کردەوە ڕووی ڕاستەقینەی کودەتاچییەکان لە هەموو جیهاندا دەردەخەن و شارەوانییەکانیان دەپارێزن.