ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆنیا کۆبوونەوەی گەلی ئەنجامدا، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و پەرلەمانتار سەباحەت ئەردۆگان ساریتاش و پەرلەمانتار زەکی ئیرمەز و سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی سەزای تەمەلی و ڕێکخراوەکانی شارەکە و ناوچەکانی بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیامی زیندانیکراوی سیاسی لەیلا گوڤەنی خوێندەوە، دەڵێت: "دەرگای زیندان و دەرگای ئیمراڵی پێکەوە دەکەینەوە. بەڵێنی ئەمە دەدەین. بەڵێنێکی دیکەشم ئەوەیە، هەرکات لە زیندان دەرچووم لە کۆنیا لەگەڵ ژنان تێکۆشان مەزن دەکەم. سڵاو و ڕێز بۆ هەمووتان دەنێرم".
دواتر هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان قسەی کرد، تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا و گوتی: "دەست لە نیازی خراپ بەرامبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوا هەڵبگرن. کوردەکان خەڵکی شکۆداری ئەم جوگرافیایەن".
باقرخان تیشکی خستەسەر ئەوەی لە ١ ی تشرینی یەکەمەوە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە، بەتایبەت دوای سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، گوتی: " شاندەکەمان لە ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبووەوە. ئیمراڵی ئاشتییەکی شکۆمەندانەی دەوێت. ئیمراڵی دەیەوێت کورد لەم وڵاتەدا، بە زمان و ناسنامەی خۆیەوە، بە یەکسانی لەگەڵ گەلان و باوەڕەکانی دیکەی ئەم وڵاتەدا بژی. ئیمرال=ڵی شەڕی ناوێت، ئیمراڵی پێکدادانی ناوێت. بەڵام ئیمرالی دەیەوێت سیاسەتەکانی ڕەتکردنەوە و ئینکاری کۆتایی پێبێت. ئیمرالی باس لەوە دەکات کە لە گرینگترین قۆناغەکانی مێژوودا، تورک و کورد بۆ چەندین سەدە هاوپەیمان بوون، تا گەیشتوون بە ئەمڕۆ. ئەگەر ئەمڕۆ پێکەوە لەسەر ئەم خاکە دەژین، کوردیش مافی خۆیەتی لەم خاکەدا خاوەنی ڕەنج و هاوکاری و ژیان بێت. بۆیە پێویستە گەلانی نیشتەجێی ئەم خاکانە پراکتیکێک بەگوێرەی هاوپەیمانی مێژوویی ڕابردوو و هاوپەیمانی کورد-تورک پێش بخەن. پێکەوە پەیامەکانی ئیمراڵیمان وەرگرت".
باقرخان جەختی کردەوە، پرسی کورد بە ڕەتکردنەوەی زمانی کورد و قسەکردن بە کوردی و ناوبردنی بە زمانی نەناسراو، وە دانانی قەیوم لەسەر ئیرادەی گەل، چارەسەر ناکرێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە پێویستە دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە و ڕێگە بدرێت فیکری ڕێبەر ئاپۆ بگاتە گەلانی تورکیا، چونکە تورکیا تێربووە لە شەڕ و خوێن، پێویستە هەمووان بۆ ئاشتی تێبکۆشن.