چالاکییەکانی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی": گۆشەگیری دەشکێنین!

لە چەند شارێک چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا داوای شکاندنی گۆشەگیری کرا.

لە چەند شارێک بەپێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکان چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" ئەنجامدرا، بانگەوازکرا دەنگ و داخوازییەکانی زیندانیان ببیسترێت.

ئامەد

چالاکییەکەی ئامەد بە پێشەنگایەتی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ماف و پشتیوانی لە زیندانیان و حکومدراوانی مەد و خزمی زیندانیان لەبەردەم زیندانی ئامەد ئەنجامدرا. زۆرێک لە پارت و ڕێکخراوەکان و خزمی زیندانیان تێیدا بەشداربوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد عەباس شاهین ڕایگەیاند لە سەرانسەری وڵات گۆشەگیری هەیە، گوتی: "ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمراڵی دەستی پێ کرد، گەیشتە هەموو جێیەکی جڤاک، سەرەرای هەموو فشارەکان ئێمە پێداگری لە چارەسەری دیموکراتیک دەکەین. چەند ڕۆژ پێش ئێستە شایەتحاڵی ستەمێکی مەزن بووین لە دۆزی کۆبانێ. دەیان هەڤاڵمان سزای نایاساییان بەسەردا سەپێنرا. ئەم سزایانە قبووڵ ناکەین و دژی ئەم ناهەقیانە دەوەستینەوە. هەتا ئەم وڵاتە دیموکراتیک ببێت، بەرخۆدانمان بەردەوامە. دەتوانن بە قەڵغانەکانتان ڕێگە لە ڕۆژنامەوانان بگرن، بەڵام چاوی هەموو جیهان لەسەر ئێرەیە. جارێکی تر دەڵێین، بەبێ هەڵگرتنی گۆشەگیری، وڵات ئازاد نابێت".

ئێلح

لە ئێلح خزمی زیندانیان و نوێنەری ڕێکخراوەکان ویستیان لەبەردەم زیندانی ئێلح جۆری M  کۆببنەوە و بە داخوازی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" ڕاگەیاندراو بخوێننەوە و چالاکی ئەنجام بدەن. پۆلیس بەو پاساوەی لە نزیک زیندان چالاکی قەدەغەیە ڕێگەی لێ گرتن. بەرامبەر ئاستەنگی پۆلیس، جەماوەر چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا و درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانیان بەرزکردەوە".

ئەزمیر

کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئەگێ و خزمی زیندانیان لەبەردەم زیندانی کریکلاری ئەزمیر چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی"یان ئەنجامدا و زۆر کەس بەشداربوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەزمیر، محەمەد کوروش ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەموو زیندانەکان بڵاوبۆتەوە و داوای کرد گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ئەکتەرانی چارەسەری پرسی کورد ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا و چالاکیەکە بە درووشم کۆتایی هات.

ئەدەنە

کۆمەڵەی هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئاکدەنیز لە ئەدەنە لەبەردەم زیندانی کورکچولەر چالاکیان ئەنجامدا، نوێنەری پارتە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشداربوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە هێلین کایا تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "گۆشەگیری ستەمە، ئەشکەنجەیە، پاکتاوە، نکۆڵیە، شەڕە، برسێتییە، هەژارییە. لە تورکیا کار و سەپاندنەکانی سەردەمی دیکتاتۆری پیادە دەکرێن. پێویستە هەموومان دژی ئەم زیهنیەتە تێبکۆشین".

پاشان جەماوەر چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

مێرسین

بنەماڵەی زیندانیان لەبەردەم زیندانی تاراسوسی مێرسین ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان ڕایگەیاند گۆشەگیری ئەشکەنجەیە و گوتی: "ئەو گۆشەگیرییەی ٢٥ ساڵە لە مێرسین بەردەوامە، ستەمی کۆشکە. ئەم ستەمە هەڵدەگرین و درێژە بە تێکۆشانی ئازادی دەدەین".

پەرلەمانتاری دەم پارتی پەریهان کۆجا داوای کرد هەمووان خاوەنداری لە تێکۆشان و داخوازی زیندانیان بکەن.