دادگای بەغدا پیلان و سیناریۆیەکی هاوبەشی پەدەکە و میتی هەڵوەشاندەوە

پاراستنی پەدەکە و میت هەوڵیاندابوو لە رێگەی سیناریۆیەکەوە پەکەکە بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکوک تۆمەتبار بکەن، بەڵام دادگای رەسافەی بەغدا بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە سێ گەنجی ئازاد کرد کە بەو کارە تۆمەتبارکرابوون.

دوێنێ دادگای رەسافەی بەغدا بڕیاری ئازادکردنی بۆ سێ گەنج دەرکرد، کە لەلایەن پاراستنی پەدەکەوە تۆمەتبارکرابوو بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکوک. پەدەکە بە هاوبەشی میتی تورک هەوڵیدابوو، پەکەکە وەک لایەنی پشتی سوتاندنی بازارەکان بناسێنێت و لەو چوارچێوەدا پرۆپاگەندەی زۆری کردبوو.

لە بڕیارەکەی دادگای رەسافەد هاتووە، کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئەو سێ گەنجە ئازاد دەکرێن و ئەو کەلوپەلانەشی کە پێیان ببوو، رادەستیان دەکرێتەوە.

هەر لە سەرەتای ئەو پیلانگێڕییەوە کەجەکە بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە و بڕیارەکەی دوێنێی دادگای رەسافەش راستی ئەوەی سەلماند و سینارۆ هاوبەشەکەی میت و پاراستنی پوچەڵکردەوە.

لە ٢١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی ئەحمەد ئاغا لە شاری کەرکووک کەوتەوە و بەهۆشیەوە زیانێکی زۆر بەر خاوەن دوکانەکانی بازاڕەکە کەوت، هەروەها لە ٢٧ـی شووبات، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و زیاتر لە ١٦٠ دوکان گڕیان گرت، بەمەش زیانی ملیۆنان دۆلاری لێکەوتەوە.

لە ١ـی نیسانی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی چەلێی ناوەندی شاری دهۆک کەوتەوە و زیاتر لە ١٠٠ دوکانی هاوڵاتییان سووتا، بە هۆشییەوە بە بەهای ملیۆنان دۆلار زیان بەر هاوڵاتییان کەوت.

بەرەبەیانی ٨ـی نیسانیش، جارێکی دیکە، بە شێوەیەکی گوماناوی ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و زیانی ماددی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، تەنانەت تا ئێستاش هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە دەستنیشان نەکراوە، ئایە ڕووداوەکە سرووشتییە یان هۆکارێکی دیکەی لە پشتەوە بووە، هەروەها حکومەت قەرەبووی زیانلێکەوتووانی نەکردووەتەوە.

دوای ئەو رووداوانە گروپێکی رەگەزپەرستی تورک بە ناوی "رێکخستنی پەیمانی میللی" ئەو کردەوانەی لە ئەستۆگرتبوو، بەڵام بەرپرسانی پەدەکە کە سەرەتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانیان بۆ "لەحیم کردن" و "شۆرتی کارەبا" دەگەڕاندەوە، دواتر بە ئاراستەکردنیان لەلایەن میتەوە ولە چوارچێوەی پیلانەکانی دەوڵەتی تورک هەوڵیاندا ئەو تاوانە بخەنە ئەستۆی پەکەکە.

 پەدەکە لە ڕێگەی پاراستن و وەزارەتی ناوخۆوە دەستیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق تێکەڵکرد و سێ گەنجیان بە ناوەکانی “هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن، سیروان حسێن محەمەد” دەستبەسەرکرد، دواتریش لە ١ـی تەمووزی ئەمساڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی شانۆ ئاسادا کە هەریەک لە میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم وەک دوو کارەکتەری یاری پێکراو تۆمەتی سووتاندنی ئەو بازاڕانەیان دایە پاڵ ئەو سێ گەنجە کوردە.

سیناریۆکە بەوشێوەیە بوو، گوایە ئەم سێ گەنجە لەلایەن پەکەکەوە بەکارهێندراون و بە فەرمانی ئەوان هەرسێ بازاڕەکانیان سووتاندووە و لە پیلانی سووتاندنی بازاڕی دیکەدا بوون و لە کەرکووک دەستبەسەر کراون، هەروەها جگە لە پەکەکە هێمن میرانی تەنانەت باسی لەوەشکرد کە ئەو سێ گەنجە ئەندامی هێزەکانی یەنەکەن، بەوشێوەیەش لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دۆخێکی نەخوازراو و ئاڵۆز بخوڵقێنن کە شەڕی ناوخۆ و کاولکاریی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

دواتریش میدیاکانی پەدەکە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە ٢٠ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو، بە هەموو هێزی خۆیانەوە وەک بانگەشە و لێدان لە یەنەکە دەیان دۆسییە و ڕاپۆرتیان لەسەر ئەو بابەتە کرد.

بەڵام دواجار دوێنێ دادگای رەسافەی بەغدا ریسەکەی پاراستن و میتی کردەوە بە خوری و و هەموو ڕاستییەکان بۆ گەلی کوردستان و عێراقیش ئاشکرابوون کە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پارتێکی ئازادییخواز، ئاشتییخواز و پارێزەری گەلە، ئەوەشی کە تێکدەر و لەناوبەرە و دژی بەرژەوەندیی گەلە و هەوڵی لەناوبردن و بەرسیکردنی گەل دەدات تەنها و تەنها پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکن.