٦٢ ئەندام و بەڕێوەبەری کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و پارتی سەر لەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سۆسیالیست (SYKP) , ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" و "پڕوپاگەندەی بۆ ڕێکخستن" لەلایەن دادگای تاوانە قورسەکانی دیلۆکەوە ٣٣٩ ساڵ و ٧مانگ سزایان بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پەسەندکرا. پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلانی دیلۆک لە بەردەم دادگای دیلۆک بەرامبەر پەسەندکردنی سزای سیاسەتمەدارەکان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و بڕیارەکەی شەرمەزار کرد.
هەروەها پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی دیلۆک پشتگیری بەیاننامەکەی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پانکارتی" ماف، یاسا، دادپەروەری! گوشارەکانتان ناتوانێت شکستمان پێبهێنێت" هەڵگیرابوو. محەمەد ساتان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دیلۆک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دادگاییکردنەکان لە تورکیا یاسایی نین، بەڵکوو سیاسین. هەروەها وتی: " بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا بڕوایان بە دادپەروەری لەم وڵاتە نەماوە". چونکە ناوێک هەیە بەڵام بێ ناوەڕۆکە. ئەوانەی دادپەروەرییان لەناوبرد ئەوانەن کە تێکۆشانی سیاسی دیموکراتیکی ئێمە تۆمەتبار دەکەن."