دەم پارتی و دەبەپە: DEDAŞ بەرپرسیارە لەم مردنانە

هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی هەرێمی ئاگرەکەیان کرد، ڕایانگەیاند DEDAŞ بەرپرسیارە، دووپاتیان کردەوە بە پشتیوانی یەکدی ئەم ئازارە تێدەپەڕێنن.

سەردانی دەم پارتی و دەبەپە

قوربانیانی ئاگرەکەی ناوچەی چناری ئامەد و ناوچەی شەمرەخی مێردین بەخاکسپێردران. هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری و پەرلەمانتاران و نوێنەری ڕێکخراوەکان و شاندێکی جەماوەری سەردانی گوندی کەلەکی سەر بە شەمرەخیان کرد کە پرسەی ١٠ هاوڵاتی تێدا دانرا.

شاندەکە پاش سەردانی پرسەکان و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکان، لێدوانیان دا.

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر ڕایگەیاند دامەزراوەی دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ) بەرپرسیاری ئەم کارەساتەیە، دووپاتی کردەوە ئازارەکە سەختە و لە باسکردن نایەت، گوتی: "سەر بۆ ئەم دوژمنانە نەوی ناکەین، ئازارەکانی ئەم گەلە نابینرێن و دوژمنایەتی ئەم گەلە دەکرێت. لە دیجیتاڵ میدیادا بینیمان کە چۆن دوژمنایەتی گەلەکەمان دەکەن. هێندەی نەماوە بۆ ئەم ڕووداوە چەپڵە لێبدرێت. بەم شێوەیە دوژمنایەتیان بەرامبەرمان زیادی کردووە. هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ بنەماڵەکانمان دەیکەین".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند هەموو بەڵگەکان دەریدەخەن کارەساتەکە بەرئەنجامی کەمتەرخەمی DEDAŞ بووە، گوتی: "پێویستە لێکۆڵینەوە لەم خەمساردییەی DEDAŞ بکرێت. سەرەڕای هۆشدارییەکانی گەلەکەمان DEDAŞ خەمساردانە جووڵاوەتەوە. DEDAŞ بەرپرسیارە لەم ئاگرە. پێویستە ئێرە وەک هەرێمی کارەسات بناسێنرێت. پێویستە قەرەبووی زیانەکانی خەڵک بکرێتەوە".

باقرخان ڕایگەیاند کاتێک دەوڵەت کەسێک لە گوندەکان و ناوچە چیاییەکان دەبینێت دەیان هەلیکۆپتەر دەنێرێت بەڵام مرۆڤەکانمان لێرە مردن، ئاژەڵەکان لێرە مرداربوونەوە، کەس ئەمەی نەدیت، گوتی: "دەست لەم پرسە هەڵناگرین، برین و ئازارەکانی گەلەکەمان ساڕێژ دەکەین".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری سەرەخۆشی لە بنەماڵەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، تیشکی خستەسەر کەمتەرخەمییەکانی DEDAŞ و گوتی: "پێویستە بە ڕۆحی یەکگرتووە ڕابوەستین بەرامبەر ئەم سیستەمەی کە خەڵکی ئێمە جێدەهێڵێت بۆ مردن، دەتوانین بە هاوکاری ئەم خەم و ئازارە کەم بکەینەوە. بەرپرسی سەرەکی DEDAŞ ـە".

پاشان شاندەکە چوونە سەردانی گوندەکانی تر.