دۆسیەی نوێ لە دژی چوار مامۆستای ئایینی کورد کرایەوە

چوار لەو مامۆستا ئایینیانەی لە دۆسیەی دیادەر دادگایی دەکران، کەوتنەبەر لێپێچینەوەی نوێ و یەکێک لە تۆمەتەکانیشیان پێشکەشکردنی وتاری ئایینیە بە زمانی کوردی.

بەهۆی پێشکەشکردنی وتار و ئامۆژگاری ئایینی بە زمانی کورد و هاوکاریکردنی بنەماڵە هەژارەکان، لەبارەی ٢٣ ئەندامی کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی زانایانی ئایینی (دیادەر) بە پاساوی "ئەندامێتی لە رێکخراو" و "بانگەشە بۆ رێکخراو" دۆسیەیەک کراوەتەوە. دانیشتنی دۆسیەکە لە لقی ١٤ی دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبوڵ لە چاغڵایان بەڕێوەچوو. سەرۆکی کۆمەڵەی دیادەر ئەکرەم باران و بەشێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەکە و پاڕێزەرانیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

دەستەی دادگا ئەوەی خستەڕوو کە لەبارەی ٤ کەسەوە کە دادگایی دەکرێن، لێپێچینەوەیەکی نوێ دەستیپێکردووە و ئەو دۆسیەش بە دۆسیەی دادگا زیاد دەکرێت.

پارێزەر مەسعود ئۆراک داوای کرد کە لێکۆڵینەوە لە تۆمەت و بانگەشەی ئەوە بکرێت کە گوایە "ئەو کەسانەی کارتی کۆکردنەوەی هاوکارییان دابەشکردووە کارتیان بەو کەسانە داوە کە پەیوەندیان بە رێکخراوەوە هەیە". هەروەها ئۆراک داوای کرد کە گوێ بۆ ئەو کەسانە بگیرێت کە هاوکارییەکەیان وەرگرتووە. ئۆراک ئاماژەی بەوەشکرد کە تۆمەتی لەو جۆرە ناڕوونن و وتی، "گوێگرتن لەو کەسانەی کارتەکانیان وەرگرتووە کاریگەری دەکاتە سەر دۆسیەکە. داوا دەکەین کە بەم جۆرە لایەنە سەرەکیەکان روون بکرێنەوە".

دەستەی دادگا رایەگیاند، کە داواکارییەکە هەڵدەسەنگێنن و بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو چوار کەسە، دانیشتنەکە بۆ ٣-٤ی تشرینی یەکەم دواخرا.

هـ. ب