دەوڵەتی تورک لە مانیسا ٣ ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپەی زیندانیکرد

هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسییاندا لە ١٥ی شوبات لە مانیسا ٨ ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپەیان دەستگیرکرد و لە دوای ٨ رۆژ لە دەستگیرکردنیان سزای زیندانیکردن بەسەر ٣ کەسیاندا سەپێنرا.

دەوڵەتی تورک لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیدا لە ١٥ی شوبات لە مانیسا هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵ و ٨ ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپەى دەستگیرکرد. دوای ٨ رۆژ لە دەستگیرکردنیان دوێنی رەوانەى ئاسایش کران. هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بۆ بڵاوکردنەوەى بابەت و پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردنیان لە چالاکییەکان و ئەنجامدانی کاروبارەکانی هەدەپە گەڕێندراوەتەوە و بە پاساوی "ئەندامبوون لە رێکخستن"  و "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" تۆمەتبار کران.

لە دوای تەواوبوونی کاروباری دەستگیرکراوەکان لە ئاسایش رەوانەى دادگای مانیسا کران و زەهرا ئاسلان، هازا ئاسلان و ئەحمەد ئاسلان لە دوای وتەکانیان لەلایەن داواکاری گشتییەوە بۆ ئەوەى سزای زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت رەوانەى بەردەم دادوەر کران و دادوەریش لەسەر داوای داواکاری گشتی سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن. ٥ کەسەکەى تریش بە ناوەکانی ئالەینا تەکین، ماهدوسون سیلینسین، سوڵتان ئاسلان، نیازی محەمەد و عەلی پۆڵات بە مەرجی مانەوەى لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کران.

ژ.ت