دەوڵەتی تورک ئەندامێکی ناوەندی گشتیی هەدەپەی لە ئەنقەرە زیندانیکرد

لە ئەنقەرە لە هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر ماڵان ٦ کەس دەستگیرکران. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە ناوی فاتمە بیلگە ئەندامی ناوەندی گشتیی هەدەپە لە دوای دەستگیرکردنی سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ١٨ی ئاب لە ئەنقەرە هەڵیکوتابە سەر چەندین ماڵی هاووڵاتییان و ٦ کەسی دەستگیرکرد. دوای وەرگرتنی وتە لە دەستگیرکراوەکان لەلایەن داواکاری گشتییەوە، دەڤریم تەمەل و شەهریبان باشاک بە مەرجی مانەوەیان لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کران.

لەلایەن داواکاری گشتییەوە ٤ کەسەکەى تر رەوانەى دادگای سزای ئێشکگر کران بۆ ئەوەى سزای زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت.

لە دادگا و لە دوای وەرگرتنی وتە لە کەسە دەستگیرکراوەکان، دادگای دەوڵەتی تورک بە پاساوی بڵاوکردنەوەى بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" سزای زیندانیکردنی بەسەر فاتمە بیلگە ئەندامی ناوەندی گشتیی هەدەپەدا سەپاند.

ئەجە شیمشەک خەباتکاری ناوەندی هەدەپە و ئەحمەد ئۆزکایا و محەمەد دویماز بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کران.

ژ.ت