دووەم ڕۆژی بەرخۆدان: دەستتان لەسەر ئیرادەمان هەڵبگرن
دانانی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگ لە چەند شارێک شەرمەزارکرا.
دانانی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگ لە چەند شارێک شەرمەزارکرا.
بەرخۆدان دژی دانانی قەیوم لە چەند شارێک لە دووەمین ڕۆژدا بەردەوامە.
موش
ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) موش لەبەردەم بینای پارتەکە ڕاگەیاندراوی خوێندەوە.
ئەندامی مەجلیسی گشتی دەم پارتی شارەکە، یەعقوب یالچین کایا دانانی قەیومی وەک "کودەتای سیاسی" و حساب نەکردن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن و زەوتکردنی ئیرادەی گەلی کورد ناساند، محەمەد سدیق ئاکیش نوێنەری ملیۆنان مرۆڤی کوردە، گوتی: "ئەوەی زەوتکراوە دیموکراسییە، زەوتکردن و تاڵان و قبووڵ نەکردنی ئیرادەی گەلە. ئەمە داگیرکارییە".
جەختی کردەوە ڕێگە بەم کودەتایە نادەن و هیچ ئیرادەیەک لە ئیرادەی گەل بەهێزتر نییە.
ئەنقەرە
ڕێکخستنی دەم پارتی ئەنقەرە لەبەردەم دەرگای پەرلەمان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، جەماوەر ڕووبەڕووی ئاستەنگی پۆلیس بوونەوە و ژمارەیەک پۆلیس لێیان درا، پاشان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و پەرلەمانتاری دەم پارتی بورجوگول چوبوک قسەی کرد و ڕایگەیاند دانانی قەیوم قبووڵ ناکەن.
دواتر جەماوەر چوونە نێو پەرلەمان، پەرلەمانتاری دەم پارتی هەڤاڵ بۆزداغ گوتی: "ئەمە کودەتای سیاسییە، دەستتان لەسەر ئیرادەمان هەڵبگرن".
ئیستەنبوڵ
ناوەندی چاندی میزۆپۆتامیا ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی لەسەر میدیای دیجیتاڵ بڵاوکردەوە. ڕایگەیاند وەک هونەرمەندان پابەندی بەرخۆدانی گەلی خۆیانن و دەڵێت: "ئەم هەڵوێستەی دوژمنایەتی گەلی کورد بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین و بانگەواز لە هەموو هونەرمەندان دەکەین دژی ئەم زیهنیەتە هەڵوێست نیشان بدەن. قەیوم مەزنترین دوژمنی هونەرە! قەیوم فاشیزمە! قەیوم کودەتایە!".
ئامەد
پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی شاری ئامەد، لەبەردەم دادگای ئامەد کۆبوونەوە، جەماوەر لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران، جەماوەر بە چەپڵە و درووشم گەمارۆکەیان شەرمەزارکرد.
لەسەر ناوی پلاتفۆرمەکە سەردار کەسکین ڕایگەیاند دانانی قەیوم هیچ بناغەیەکی یاسایی نییە. داوای کرد دەست لە سیاسەتی دانانی قەیوم هەڵبگیرێت و ڕێز لە ئیرادەی گەلی جولەمێرگ بگیرێت.