گونای: بە زوترین کات پێویستە دەرگاکانی ئیمڕالی بکرێنەوە

ئەبرو گوونای وتەبێژی هەدەپە وتی، "گوێ لە دەنگی زیندانیان بگرن کە ١٦٢ رۆژە بەرخۆدان دەکەن. ئێدی هەڵە مەکەن و دەرگاکانی ئیمڕالی بکەنەوە."

ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ناوەندی گشتی پارتەکەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

گونای وتی، " هەبوون و نەبوونی دەسەڵات، لە ناوخۆ بە هێرشی سەر گەل و لە دەرەوەش بە شەڕ و ئۆپەڕاسیۆنەوە بەستراوەتەوە. جارێکی دیکە لە هەرێمەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردستان دەست بە هێرش کراوە. ئەو هێرشانەی کە لەدوای کۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی بە ناوی جیاوازەوە بەڕێوەدەبرێن، هەڕەشەیە لە سەر گیان و ماڵ و موڵکی گەلی کورد. کورد ناچار دەکرێت دەست لە موڵک و ماڵی خۆی هەڵبگرێت و ئاوارە ببێت. لەم ئۆپەڕاسیۆنانەی دواییدا، جارێکی دیکە گوندەکان چۆڵکران. لە عەفرین تا قامشلۆ، لە شەنگال تا سنوری ئێران، لە گۆڕپانێکی ١٢٠٠ کیلۆمەتری سنوری بەڕێوەبەرایەتی کوردستان دەیانەوێت، هەرێمی ئارام دروست بکەن. ئەمەش بە تەنها بۆ دوژمنایەتی کوردە. ئێمە ئەو دوژمنایەتیەمان لە سەردەمی ریفراندۆمی باشوری کوردستاندا بە شێوەیەکی ئاشکرا بینی.

دەمەوێت لێرە بانگەوازێک بکەم: لە هەرکوێ بێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد یەکە. نەک تەنها جۆگرافیا ، لە هەمانکاتدا قەدەری کوردیش هاوبەشە. تاکە رێگەی ژیان لەناو زێدی خۆمان بە شێوەیەکی ئابروومەندانە، یەكێتی نێوان گەلی کوردە. هەروەها بانگەوازیم لە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە: ئێمە ئۆمێد دەکەین کە نەکەوێتە تەڵەی سیاسەتی دژە کورد، دەستکەوتەکانیان نەکەنە قوڕبانی هاوکاری هەرێمی. ئەمە بەرپرسیاری مێژوویی گەلی کوردە."

ئەبرو گونای باسی ئەوەشی کرد سیاسەتی شەڕ، ژیان و داهاتوو تاریک دەکات و پێویستە هەموومان پێکەوە لەدژی سیاسەتی مردن، سیاسەتی ژیان دروست بکەین.

لە بەردەوامی قسەکانیدا وتەبێژی هەدەپە ئاماژەی بە گۆشەگیری ڕەهای سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد کە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە چاوپێکەوتن نادرێت و وتی، "هەر کە ئۆجالان باسی مۆدێلی چارەسەری دەکات، نەخشەڕێگا بۆ چارەسەری ئامادە دەکات و ئاماژەی بە مێزی چارەسەری پرسی کورد دەکات، گۆشەگیری قوڕستر دەبێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی دەیانەوێت شەڕ بەردەوام بێت، تەرم بگەڕێنەوە و کەس لەبارەی کێشە راستەقینەکەی تورکیا قسە نەکات. پێویستە هوشداریەکانی ئۆجالان لەم رووەوە لەبەرچاو بگیرێن. گۆشەگیری بەم واتایە دێت. گۆشەگیری گەیشتووەتە ئاستێکی قوڕس و مەترسیدار. لە دوایین قسەکانیدا ئۆجالان وتی، 'دەوڵەت هەڵە دەکات'. دەوڵەت و دەسەڵات پێداگیری لەسەر هەڵەکانیان دەکەن.

بە گۆشەگیری و بە فێڵ و تەڵەکەبازی و رێگریکردن لە چاوپێکەوتن، ئێوە ناتوانن بەم شێوەیە بەردەوام بن، ئێوە ناتوانن کۆمەڵگا سەرقاڵ بکەن. بە تەنها دەتوانن شەڕ قوڕستر بکەن و هزری کۆمەڵگا پیس بکەن. ئێمە جارێکی دیکە دەڵێین و هەموو کاتێکیش ئەم قسانەمان دووبارە دەکەینەوە. بەم بۆنەیەوە گوێ لە داواکاری زیندانیان بگرن کە ١٦٢ رۆژە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە، دەست لەم هەڵەیە هەڵبگرن و دەرگاکانی ئیمڕالی بکەنەوە."

ف.ق