دەستەى بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) هێرش بۆ سەر شەنگال و هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەى گوندی سکێن لە نزیک شەنگال ئیدانەکرد و رایگەیاند، "دەسەڵاتی ئاکەپە دوژمنایەتیکردنی کوردانی بۆ خۆی کردووە بە سیاسەتی بنەڕەتی و هێرشەکانی بۆ سەر شەنگال زیاتر کردووە. رۆژی دووشەممە ١٦ی ئاب و رۆژی سێشەممە ١٧ی ئاب شەنگالی بۆردومانکرد. لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی مەدەنی کرانە ئامانج. ئەوەش لە کاتێکدایە، کە لە کاتی شەڕیشدا تەنانەت نەخۆشخانە و شوێنە مەدەنییەکان ناکرێنە ئامانج.
ئێمە هێرشی سەر شەنگال بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەین. هەر سیاسەتێک، کە ئیرادەی شەنگال قبوڵ نەکات، ئێمەش ئەوان قبوڵ ناکەین. دەسەڵاتی ئاکەپە نرخ و بەها مرۆڤایەتییەکان و رێککەوتننامە نێونەتەوەیەکان پێشێل دەکات. ئاکەپە دەبێت لە رووی سیاسی و یاساییەوە باجی ئەو هێرشانە بدات.
ئێمە داوا لە هەموو کەسانی خاوەن ویژدان دەکەین، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نەبن. هەر وەک دوێنێ، ئەمڕۆش پشتیوانی لە ئیرادەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال دەکەین".
ژ.ت