هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان لە ساراتۆڤی رووسیا ئیدانە کرا

لە ناوچەى یەرشۆڤی هەرێمی ساراتۆڤی رووسیا بە رێکخستنی چالاکییەک هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئیدانە کرا.

کوردانی ناوچەى یەرشۆڤ لە هەرێمی ساراتۆڤی رووسیا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا چالاکییان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا بەناوی گەنجانی ساراتۆڤ راگەیاندراوێک خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا زیاتر بوون، بەڵام لەبەر ئەوەى هێرشەکانیان تێکشکاوە ناتوانن پێشڕەوی بکەن.

لە چالاکییەکەدا هونەرمەندی کورد ئەحمەد باکی وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، گەلی کورد لە قۆناغێکی سەخت و دژواردایە و هەر هێزێکی کوردی لەم قۆناغەدا دوژمنایەتیی هێزەکانی تر بکات و هاوکاریی داگیرکەران بکات، لەمێژوودا پەڵەیەکی رەش بە ناوچاویانەوە دەلکێت.

وتیشی، "ئەگەر لە باشووری کوردستان هەندێک هێزی سەر بە بنەماڵەى بارزانی و پەدەکە لە دژی هێزەکانی ئازادیی گەلی کورد پەکەکە شەڕی "براکوژی" دەستپێبکەن، ئەوا هەتاهەتایە لە مێژوودا لەعنەتیان لێدەکرێت. گەلی کورد ئیدی بەرامبەر بە پلانەکانی لەناوبردن و سڕینەوە و پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورکی فاشیست هۆشیار بووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا خیانەتکردن لە گەلەکەى خۆی قبوڵ ناکات، چونکە خیانەتکردن هیچ سوودێکیشی بۆ بنەماڵەکەیان نابێت. ئێمەی گەنجانی رووسیا تاوەکو ئازادیی رێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشانەکەمان گەورەتر دەکەین و بەردەوامیی پێ دەدەین".

ژ.ت