خزمی زیندانیان: تا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، کەس ئازاد نابێت
خزمی زیندانیان لەبەردەم وەزارەتی داد کۆبوونەوە، پەیامیاندا "تا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، کەس ئازاد نابێت".
خزمی زیندانیان لەبەردەم وەزارەتی داد کۆبوونەوە، پەیامیاندا "تا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، کەس ئازاد نابێت".
خزمی زیندانیان دوێنێ لەگەڵ وەزیری داد یەڵماز تونچ کۆبوونەوە. خزمی زیندانیان ئەم هەفتەیەش بەردەوامبوون لە چالاکی "دادپەروەری بەدی بێنە و بەگوێری یاسا بجووڵێنەوە". ویستیان بچنە بەردەم وەزارەتی داد. بەڵام پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن. خزمی زیندانیان و پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نەورۆز ئویساڵ و پەریهان کۆجا، بۆ ئەمە چوونە دەرگای A ی وەزارەتی داد. پۆلیس نەیانهێشت خزمی زیندانیان لە ئۆتۆمبیلەکانیان دابەزن و مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵ کردن. خزمی زیندانیان بە هەلهەلە و درووشم هەڵوێستی پۆلیسیان شەرمەزار کرد.
هەروەها پۆلیس ڕێگەی نەدا ڕۆژنامەوانان دیمەن بگرن و هێرشیان کردە سەر بەشێک لە ڕۆژنامەوانان. پۆلیسێک بە پەرلەمانتارانی وت: "ئێوە نوێنەر نین، نوێنەری من نین". چالاکییەکەی خزمی زیندانیان بە دروشمی "فشار ناتوانێت شکستمان پێبهێنێت" بەردەوام بوو. سەرەڕای هەموو هێرش و ئاستەنگەکانی پۆلیس، خزمی زیندانییەکان پاشەکشەیان نەکرد و لەبەردەم وەزارەتی داد ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.
پەرلەمانتار نەورۆز ئویساڵ تیشکی خستەسەر ئامانجی دایکان و گوتی: "دژی پێشێلکارییەکانی نێو زیندانەکان و گۆشەگیری ئیمراڵی، ویستیان لەبەردەم وەزارەت دەنگی خۆیان بگەیەنن".
پاشان لە خزمی زیندانیان شەمسە باگدو ڕایگەیاند پێویستە گۆشەگیری کۆتایی بێت، گوتی: "پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی بێت. تا ئۆجالان ئازاد نەبێت، کەس ئازاد نابێت. کلیلی ئاشتی لە ئیمراڵییە. تا لە ئیمراڵی دەرنەچێت، ئاشتی نایەتە ئەم خاکە".
هەروەها داوای کرد شەڕ و ستەم بوەستێت و گوتی: "با دەنگی من بگاتە وەزیری داد و ئەردۆگان. ئەو گەنجانەی دەمرن ڕۆڵەی ئەردۆگان و وەزیری داد نین".
باگدو ڕایگەیاند ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی ملیۆنان کەسە و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان داوای ئاشتی دەکات، داوای دادپەروەری دەەکات، دەیەوێت شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کۆتایی بێت. شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر دوژمنایەتی کورد پەرەی پێ دەدرێت. ئەمڕۆ لەلایەک ئەمریکا و لەلایەک ڕووسیا هاتوونەتە نێو ڕۆژهەڵاتی ناوین. نە تورکیا و نە هیچ کەسێکی تر دەنگی خۆیان هەڵنابڕن. هۆکاری ئەم ڕەوشە ئەوەیە گوێ لە ئۆجالان ناگیرێت".
لە خزمی زیندانیان ئایشە ئەلەگاش ڕایگەیاند بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هاتوونەتە بەردەم وەزارەت، هەڵگرتنی گۆشەگیری کاریگەری لە تەواوی گەلی کورد دەکات، گوتی: " گۆشەگیری سەر ئۆجالان شەرمەزار دەکەین. زیاتر لە ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نییە. ئێمە دادپەروەری و ئاشتیمان دەوێت و خوێنڕێژیمان ناوێت. نامانەوێت کەس بمرێت. ڕۆڵەکانمان هیچیان نەکردووە و لەخۆڕا لە زیندانەکاندا دەهێڵرێنەوە. ئێمە سیاسەتی گۆشەگیری شەرمەزار دەکەین".