کەنەکە بۆ کۆچی دوایی گەورەنووسەر و شاعیری گەلەکەمان ئەحمەد دڵزار پەیامێکی بڵاوکردەوە

کۆمیسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى کۆچی دوایی گەورەنووسەر و شۆڕشگێڕ و شاعیری گەلەکەمان ئەحمەد دڵزار پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەى کەنەکە

گەورەنووسەر و شاعیری گەلەکەمان ئەحمەد دڵزار کۆچی دوایی کرد ... ماڵئاوا

ئەمڕۆ ١٠ ی نیسان ٢٠٢١ گەورە نووسەر، شۆڕشگێر و شاعیری گەلەکەمان لە تەمەنی ١٠١ ساڵەی خۆی دا کۆچی دوایی کرد. وێڕای هاوخەمیمان بۆ بنەماڵە سەربەرزەکەی، لە هەمانکاتدا سەرەخۆشی لە گەلی کورد و کوردستان دەکەین.

ئەحمەد دڵزاری نیشتیمانپەروەر و مرۆڤدۆست، هاوتەمەن و هاوڕێی دڵداری ئافرێنەری سروودی  ئەی رەقیب و نەوەی ئاڵتوونی ئافراندن و ئەدەبیاتی نیوەی یەکەمی سەدەی رابردوو بوو. هەمبانە و خەرمانی نووسینەکانی ئەم کەڵە نووسەر و شاعیرە گەنجینەیەکی سەنگین و بە نرخ و پڕ لە سەروەرین و بۆشاییەکی بەرچاوی فەرهەنگ، زمان و ئەدەبیاتی کوردی پڕکردۆتەوە. لەهەمان کاتیشدا کوردپەروەر و شۆڕشگێڕێکی ورەبەرز و بە هیوا بوو لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا. تا دوایین رۆژگاری ژیانی ئەم ئومێد و هیوایەی ئازادی و رزگاری کورد و کوردستانی لەلا کاڵ نەبووەوە و لە دوایین هۆنراوەیدا لە تەمەنی ١٠١ ساڵی ژیانیدا لە ١٥ ئاداری ئەمساڵ دا دەفەرموێ:

بێزارم رۆیی زەمەنم

سەد و یەک ساڵە تەمەنم

ئای چەند بێ تینە تەنم

هەر ئێسک و پێستە بەدەنم

لەگەڵ ئەمانەشا هەموو

زۆر دڵشاد و بەختەوەرم

جا برایان تێکۆشەران

بەبڕوای من ئەو رۆژە دێ

کوردستانی گەورە و وگران

دەبێتە بەهەشتی جیهان

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک ـه دووبارە سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ گەلی کوردستان و خانەوادەی دڵزاری نەمر رادەگەیێنین و گیانێکی شاد و بەختەوەری بۆ دەخوازین.

ژ.ت