کەنەکە، سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێرانی دژ بە کۆڵبەران شەرمەزار کرد
کەنەکە جەختی لە هێرشەکانی هێزەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر کۆلبەران، کردەوە و ڕایگەیاند، کوشتنی کۆلبەران سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە گەلی کورد.
کەنەکە جەختی لە هێرشەکانی هێزەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر کۆلبەران، کردەوە و ڕایگەیاند، کوشتنی کۆلبەران سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە گەلی کورد.
ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر کۆڵبەران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا وتراوە کە کۆڵبەری کارێکی مەترسیدار و پڕ ئازارە، بە هەزاران کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەلی کار و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕژیم ناچارن پەنا بۆ کۆڵبەری ببەن.
کەنەکە ڕایگەیاند؛ حکوومەتی ئێران لە لایەک هەوڵی پەراوێزخستن و برسیکردنی کۆمەڵگای کورد دەدات و لە لایەکی دیکەش وەک بەشێک لە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی سیستماتیکی، کۆلبەران کە بۆ بژێوی ژیانیان و بنەماڵەکانیان پەنا دەبەنە بەر ئەم کارە مەترسیدارە، بە ئامانج دەگرن.
لە درێژەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "بە هەزاران کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، دەیان هەزار کەس بریندار بوون و بە دەیان هەزار بنەماڵەش زیانیان بەرکەوتووە. بەپێی ئاماری تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، لانیکەم 48 کەسی کۆلبەر". لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کوژراون و 427 کەسیش برینداربوون، تەنیا لەماوەی 70 ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 17 کەسی کۆلبەر و کاسبکار کوژراون."
کەنەکە وەبیری هێنایەوە کە تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر کردەوە دڕندەکانی دادگایی نەکراوە و وتی: "کاسبکاران و کۆلبەران هیچ مەترسییەک بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی ئێران دروست ناکەن و ئەوان تەنها دەیانەوێت بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن. بەڵام هێزەکانی ڕژیم وەک ئەوە وایە دەیانەوێ ڕاو بکەن، هێرش دەکەنە سەر کۆلبەران و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکەن و دەیانکوژن.
بەپێچەوانەی بەڵێنە زۆرەکانیان کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆلبەران داویانە، حکوومەتی ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیەکانی دژی کۆلبەران زیاد کردووە. هیچ پاساوێک بۆ ئەم هێرش و کوشتنانەی خەڵک نییە. بەم هێرش و کوشتنانە سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی گەلی کوردستانە بەڕێوە دەچێت.
ئێمە وەک کەنەکە ئەو هێرشە دڕندانەیە شەرمەزار دەکەین و داوا لە حکوومەتی ئێران دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گیانی گەلدا جێبەجێ بکات. بەم بۆنەیەوە جارێکی تر بۆ قوربانیان ڕەحمەت دەنێرین و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین."