رۆژنامەوانان نازم داشتان و جیهان بیلگین ١٩ی کانونی یەکەم لە کاتی رووماڵکردنی پێشهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا بە فرۆکەی بێفرۆکەوان شەهیدبوون. سەرباری تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان و بە خاکسپاردنیان لە باکوری کوردستان بە هۆی رێگرییەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بێ ئەنجام بووە و ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە.
هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئەهەدە) حسێن کوچولباڵابان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەرنجی بۆ سەر مامەڵەی بێ بەزەییانە لەگەڵ تەرمی رۆژنامەنووسان و کودەتای قەیوم کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لە دژی گەلی کورد هەڵاواردن و مامەڵەی نەژادپەرستانە بەردەوامە و رایگەیاند، کە دەبێت بەر لە هەموو شتێک ئەو مامەڵەیە بگۆڕێت.
حسێن کوچوکباڵابان تیرۆرکردنی رۆژنامەوانانی بە تاوانی شەڕ ناودێر کرد و هۆکاری پشت ئەو تاوانەشی بۆ رێگری لە گواستنەوەی هەواڵی راست و دروست گەڕاندەوە. هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان نازم داشتان و جیهان بیلگین درێژکراوەی کردنە ئامانجی رۆژنامەنووسانە کە لە ساڵانی ١٩٩٠ەوە رووی لە هەڵکشان کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، کە سوکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر بە تەرمی کوردەکان تا دێت زیاتر دەبێت.
'دەبێت بەر لە هەموو شتێک دەستبەرداری هەڵوێستی ئێستایان بن'
کوچوکباڵابان لە کۆتاییدا باسی ئەو پرۆسە نوێیەی کرد کە لە ئارادایە و ئەوەی خستەڕوو کە تیرۆرکردن و رێگری لە گەڕانەوەی تەرمی رۆژنامەوانان، هەروەها کودەتای قەیوم لە دژی شارەوانییەکانی دەم پارتی دەریدەخات کە دەوڵەت پێداگرە لە سەر سیاسەتە ئەمنییەکان و ئەوەش ئەو گومانانە بەهێزتر دەکات، کە تائێستا مێشکی دەوڵەت بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاماندە نییە و وتی: " ئاشتی هەبێت یان نا، مەگەر سەرەتاییترین ماف بریتی نییە لەوەی رێز لە تەرمەکان بگیرێت؟ بێڕێزی لە بەرامبەر تەرمی رۆژنامەوانان و هەوڵەکان بۆ کودەتای قەیوم لە بەرامبەر شارەوانییەکانی دەم پارتی، هەڵوێستێکی جیاکارانە و نەژادپەرستانەیە بەرامبەر بە گەلی کورد. ئەمەش دەریدەخات کە دەوڵەتی تورک لە پرسی چارەسەری پرسی کورددا خاوەن ئەجیندا و نیەتێکی جددی نییە. بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئەو هەڵوێستە بگۆڕن و دەستبەرداری هەڵوێستی ئێستایان بن".