بە دیمەن

لە دویسبۆرگ دژی هێرشەکانی قڕکردن گردبوونەوە ئەنجامدرا

لە گردبوونەوەکەی دویسبۆرگ دژی بڕیارەکانی دۆزی قڕکردنی سیاسی کۆبانێ و گۆشەگیری زیندانەکان، بانگەوازکرا بۆ بڵندکردنی تێکۆشانی دژی هێرشەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک.

کوردستانیان لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا بەبۆنەی ٥ مانگ چالاکی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان، ٣ ساڵ نەبوونی زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، قڕکردنی سیاسی کۆبانێ و سەپاندنی سزای قورس بەسەر سیاسەتمەداران، کۆبوونەوە.

گردبوونەوەکە پێشەنگایەتی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی دویسبۆرگ و مەجلیسی ژنانی شەهید ئاسیا یوکسەل ئەنجامدرا و بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە گردبوونەوەکەدا تیشکخرایە سەر سەدان ساڵ سزای سیاسەتمەداران و ڕاگەیاندرا ئەمە مانای بەردەوامی قڕکردن و ئاسیمیلاسۆنی سەر گەلی کوردە، دووپاتکرایەوە ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و قبووڵ ناکرێت، گوتیان: "ئەوکاتەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا، گەنجان و گەلی کورد و دۆستەکانیان لە تورکیا و کوردستان چالاکی مێژووییان ئەنجامدا، دەوڵەتی تورک بەم بڕیارە دەیەوێت تۆڵە لە گەلی کورد و دۆستەکانیان بکاتەوە. بەمەش دەیەوێت درێژە بە گۆشەگیری و قڕکردن بدات".

لە گردبوونەوەکەدا بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی تێکۆشان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، گردبوونەوەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" کۆتایی هات.