کاردانەوەکان بەرامبەر دوورخستنەوەی ئەحمەد ئۆزەر سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیۆرتی ئیستەنبوڵ و دانانی قەیوم لە شوێنەکەی بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا پلاتفۆرمی رێکخراوە دیموکراتیکەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "ئێوە ناتوانن ئیرادەی گەل تێکبشکێنن. داواکارینامەیەک کە چەند ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە لە دژی ئەحمەد ئۆزەر بێ بنەما، هەڕەمەکی و نایاساییە. چیتر دەسەڵاتێک کە وڵاتەکە بەرەو کاولکاری دەبات، مافی خۆکاندیدکردن و هەڵبژاردن زەوت دەکات، هیچ توانا و رەوایەتییەکی نەماوە. ئامانجی ئەم دەسەڵاتە نەک ئاشتیی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو پشێوی و ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتییە. ئەم دەسەڵاتە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ڕەتکردەوە، سەرەتا لە جۆلەمێرگ قەیومی دانا و ئەمڕۆ لە ئەسەنیۆرت ئیرادەی گەل زەوت دەکات و بەم جۆرەش دەیانەوێت درێژە بە سیاسەتی ڕانت و بەرتیل و گەندەڵی خۆیان بدەن و خوازیاری ئەوەن ئیرادەی گەل کۆت و بەند بکەن. دەسەڵات دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت. دەبێت ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانەی لە وان و جۆلەمێرگ هاتە ئاراوە، لە ئێستادا لە ئەسەنیۆرت زیاتر پەرەی پێبدرێت و بەهێز بکرێت. لە دژی نکۆڵی، تواندنەوەی کولتووری، گۆشەگیری، تاکپەرستی و زەوتکردنی ئیرادەی گەل هەمووان بانگهێشت دەکەین کە پەرە بە بەرخۆدانی دیموکراتیک بدەن".
هاوکات دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی دەم پارتی بڕیارە بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی گشتیی پارتەکە لە ئیستەنبوڵ کۆببێتەوە و پرسی دەستگیرکردنی ئەحمەد ئۆزەر سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیۆرت و دانانی قەیوم لە شوێنەکەی تاوتوێ بکات وچاوەڕێ دەکرێت لەو بارەوە ڕاگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە.
بڕیاریشە دوای کۆبوونەوەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی هاوسەرۆکایەتیی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەمئۆغلاری، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری، فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و ڕێکخستنەکانی شار و ناوچەکان کاتژمێر ١٦:٠٠ لە بەردەم شارەوانیی ئەسەنیۆرت کۆببنەوە. بۆ ئەو مەبەستەش دەم پارتی بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم ڕێکخستنەکانی لە ئیستەنبوڵ کردووە.
جیا لەوە، دەم پارتی لەسەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا لە دژی دانانی قەیوم چالاکیی ناڕەزایەتی ساز دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد ئۆزەر سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیۆرت کە بە تۆمەتی 'ئەندامێتی لە ڕێکخراو' دەستگیر و لەکارلادراوە، وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان رایگەیاندووە، ئەوە دۆسیەیەکی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئامانج لەو دۆسیەیە، زەمینە سازییە بۆ دانانی قەیوم.
سەبارەت بە پەیوەندیشی لەگەڵ ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، رایگەیاند کە ڕەمزی کارتاڵ پێشتر لە تورکیا پەرلەمانتار بووە، ئەویش خەڵکی وانە و لە یەک عەشیرەتن، بەڵام ڕوانگە و جیهانبینی سیاسیان لە یەکتر جیاوازە و لەدوای ئەوەی لە تورکیا چووەتە دەرەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵیدا نەبووە.
دەربارەی ئەوکۆنسێرتەش کە لە ئەسەنیۆرت سازکرابوو و وەک بەڵگەی تۆمەتبارکردنەکەی نیشاندراوە، ئەحمەد ئۆزەر جەختی لەوەکردەوە، کە بە هاوکاری قائیمقامیەت و دەیان رێکخراو و کۆمەڵەی مەدەنی کۆنسێرتەکە سازکراوە و دەیان هەزار کەس بەشداربوون، ئۆباڵی بانگهێشتکردنی کەسەکان و ئەوەی کە چەند کەسێک لە کۆنسێرتەکەدا و لەناو ئەو دەیان هەزار کەسەدا دروشمیان وتووەتەوە، لە ئەستۆی ئەو نییە.