لە شاری مانچستەر گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین یادکرانەوە

بەبۆنەی چلەی شەهیدکردنیانەوە، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق لە مانچستەر یادکرانەوە، چالاکوانان نامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی کونسوڵی عێراق کرد.

ڕۆژی ٢٣ـی ئابی ئەمساڵ، لە کاتێکدا تیمێکی ڕۆژنامەنووسیی کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی، بەمەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕوویان لە ناوچەی شارەزوور کردبوو، لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەیانی کرد، بە هۆیەوە هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون.

سەرلەبەیانی ٢ ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی سێ شەممە، بەبۆنەی چلەی شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە، لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق لە شاری مانچستەری بەریتانیا، چالاکییەکی یادکردنەوە ئەنجامدرا، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەشداری چالاکییەکەیان کرد، وێنەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان هەڵگرت و مۆمیان داگیرساند.

هەروەها چالاکوانان نامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی کونسوڵی عێراق کرد، لە نامەکەدا ڕێککەوتنی عێراق_تورکیا شەرمەزار کرا، داوا کرا چیتر عێراق ڕێگە نەدات بە داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان.

چالاکییەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.