لە سوید کۆنفرانسی "کورد و ئۆلاف پاڵمە" رێکدەخرێت
لە ساڵیادی کوشتنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید دا، کورد و سۆسیال دیموکراتەکان لە ئینتەرنێت کۆنفرانسی "کورد و ئۆلاف پاڵمە" رێکدەخەن.
لە ساڵیادی کوشتنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید دا، کورد و سۆسیال دیموکراتەکان لە ئینتەرنێت کۆنفرانسی "کورد و ئۆلاف پاڵمە" رێکدەخەن.
کۆنفرانسەکە سبەی ١٦ی شوبات کاتژمێر ١٤:٠٠ بۆ ١٥:٣٠ رێکدەخرێت و سەرەتای کۆنفرانسەکە بە وتەکانی عایشە گۆکتەپە لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد دەستپێدەکات.
لە دوای ئەوەش هانا جۆیکۆ بە ناوی سۆسیال دیموکراتەکان باسی گرنگیی پاڵمە بۆ گەلانی کورد و سوید دەکات.
لە دوای وتەکانی هانا جۆیکۆ، ئیبراهیم ئایاز هاووڵاتی کورد، کە لە دوای تیرۆرکردنی پاڵمە بووە ئامانجی گوشارەکانی پۆلسی سوید، باس لە گوشارەکانی پۆلیس و زۆردارییەکانی ئەو کاتە بەرامبەر بە کوردان دەکات.
لە کۆنفرانسەکەدا هەر یەک لە ئانا سوندسترۆم سکرتێری گشتیی ناوەندی ئۆلاف پاڵمە، تۆماس هاماربێرگ پەرلەمانتاری حیزبی کرێکاری سۆسیال دیموکرات و کۆمسیەری پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئەوروپا، رێبوار رەشید، کە کتێبێکی لەسەر ژیانی پاڵمە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، قادر کاسیرگا سەرۆکی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان لە شارەوانیی ستۆکهۆلم و ئاندرێس ئۆستێربێرگ پەرلەمانتاری حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکرات وتە پێشکەش دەکەن.
لەو بارەیەوە عایشە گۆکتەپە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، ئۆلاف پاڵمە تەنها دۆستی کورد نەبوو، بەڵکو دۆستی هەموو گەلانی بندەست بوو.
گۆکتەپە باسی ئەوەیکرد، سەرباری ئەوەى ساڵی پار راگەیاندرا، کە دۆسیەى کوشتنی پاڵمە داخراوە، بەڵام کوشتنی پاڵمە برینێکی گەورەی لە ویژدانی گەلانی سویدو جیهاندا دروستکرد و وتی، "لە سوید و جیهاندا زۆر کەس بە راگەیاندراوەکەى داوای گشتی قەناعەت ناکەن. هەر رێک دوای کوشتنی پاڵمە هەوڵیاندا، کە بەرپرسیاریی ئەو تاوانە بخەنە ئەستۆی کورد. لەبەر ئەوەش کورد یەکەم قوربانی و زوڵملێکراوی کوشتنی پاڵمەیە".
گۆکتەپە باسی ئەوەیکرد، لە دوای کوشتنی پاڵمە گوشار و پەلاماردان و دەستدرێژی بۆ سەر کورد دەستیپێکرد و بەمشێویە ناڕەزایەتی لە بەرامبەر گوشارەکانی سوید لە دژی کوردان خستەڕوو:
"سوید لەم دۆخی پەتا هەمە گیرەی کۆرۆنادا گەنجێکی کوردی تەمەن ٢٣ ساڵ، کە لە بەرخودانی شرنەخ دا بریندار بوو بوو رادەستی دەوڵەتی تورک کردەوە. ئێستاش دەیەوێت زۆزان بویوک دایکی دوو منداڵ، کە هاووڵاتیی بەلجیکایە دیپۆرت بکاتەوە. دەیەوێت ئەوانەى پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەى ئازادیی کورددا هەیە سزا بدات. ئەگەر ئۆلاف پاڵمە زیندووبوایە بێگومان ئەو سیاسەتانەى رەتدەکردەوە. دەبووە دۆستی بزووتنەوەى ئازادیی کورد و بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کورد تێدەکۆشا".
گۆکتەپە داوای لە دەوڵەتی سوید و پۆلیسی ئەمنیی سوید کرد کۆتایی بە هەوڵ و گوشارەکانیان بۆ تاوانباری نیشاندان و تەریکخستنی کوردان بهێنن.
کۆنفرانسی کورد و پاڵمە سبەی سێشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ لە کاتژمێر ١٤:٠٠ بۆ ١٥:٣٠ لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بەڕێوەدەچێت.
ژ.ت