لە ئەمریکا لە دژی ڕێکخستنی تاوانکاری بارزانییەکان سکاڵای یاسایی نوێ تۆمار کرا

لە ئەمریکا لە دژی ڕێکخستنی تاوانکاری بارزانییەکان داواکارییەک لە دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیا تۆمارکرا، کە داوای لێپرسینەوە لە بارزانییەکان و کەسانی سەر بە ئەوان دەکات کە بە "ڕیکخستنی تاوانکاری بارزانییەکان" ناسراوە.

 بەنوێنەرایەتی کۆمەڵەی قوربانیانی کوردستان، قوربانیان بە ناوەکانی شاهوان عەبدولڕەحمان، مەکی ڕەوند و هاوڵاتی ئەمریکی جۆن دۆس، لە دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیا سکاڵایان لەسەر بارزانییەکان تۆمار کرد. لەو سکاڵایەدا کە لە ٣٩٦  لاپەڕە پێکدێت، بنەماڵەی بارزانییەکان بە ڕێکخستنێکی تاوانکار پێناسە کراون.

ئەو کەسانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە

ئەو کەسانەی لە داواکارییەکەدا ناویان هاتووە و سکاڵایان لەسەر کراوە بریتین لە: مەسرور بارزانی، وەیسی بارزانی، مەلا بابۆ مستەفا بارزانی، موکسی بارزانی، جەیرا محەمەد خالد، کاتژا ڤرجار بارزانی، ئارین مەسرور بارزانی، جۆناسان ڕ.مۆر، ڤالێری کاپ، جولی مایی سانفۆرد، لۆرا گێهۆ هاریس، تریفە عەزیز، ئینتیفاد کەمال قەنبەر، عومەر س، بارزانی، رووبار س، سندی، هیمن قواس و داسکۆ شیروانی.

بۆچی وەک ڕێکخستنێکی تاوانکار پێناسە دەکرێن؟

لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بارزانییەکان و هاوکارەکانیان بە شێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و کردەوەی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی و کاری نایاسایی ئەنجام دەدەن و ئەمە هۆکارەکانی پێناسەکردنی بارزانییەکانە وەک "رێکخستنێکی تاوانکار". هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە تۆمەتباران بە شێوەیەکی شاراوە و زانابوون یاساکانی ئەمریکا پێشێل دەکەن.

ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون

لە داواکارییەکەدا بارزانییەکان بە تاوانی وەک ئەشکەنجەدان، پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کوشتن لە دەرەوەی لێکۆڵینەوە و دادوەری، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، تاوان دژ بە ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی، بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە، ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبارن و داوای لێکۆڵینەوە و سزادانیان کراوە.

بارزانیەکان نوێنەرایەتی گەلی کورد ناکەن

هەروەها لە داواکارییەکەدا بە وردی ئاماژە بەوە کراوە کە تۆمەتباران نوێنەرایەتی گەلی کورد ناکەن، و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە: "جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان گەلی کورد و حوکمڕانی بێ کەڵکی بارزانییەکاندا هەیە. هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە دۆسیەکە لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کراوە و هیچ پەیوەندی بە پێگەی ئیدارییانەوە نییە. ئامانجی سکاڵاکاران لێپرسینەوەیە لەسەر ئەو تاوانانەی کردوویانە.

'دەتوانن زۆر کردەوەی شاراوە و دوور لە گومان بکەن'

لە بەشی کۆتایی داواکارییەکەدا هاتووە کە تۆمەتباران بە ئەنقەست و بە شێوەیەکی سیستماتیکی زیانیان بە سکاڵاکاران گەیاندووە و "توانای ئەنجامدانی خراپەکاریی دوور لە گومانیان هەیە." داواکاران ڕایانگەیاندووە کە بەڵگەی پێویستیان لەسەر تاوانباران پێشکەش بە دەستەی دادوەری کردووە.