مەكتەبی سیاسی یەکێتی: پێشهاتێكی لەمجۆرەی بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان ، مەترسییەكی گەورەیە

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی کوردستان هەڵوێستی لەسەر كەیسی سزادراوانی بادینان ڕاگەیاند و تێیدا بڕیارەکەی بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆسەر سەروەری دادگاکان ناوبرد.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربارەی پەسەندكردنی بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان و وێنەی ھەرێمی كوردستانیش لە بەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

راشیگەیاندووە، وێرای ئەوەی یەكێتی لەرێگای كەناڵە رەسمییەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەڕخستووە بۆ لابردنی سزای نادارپەروەرانەی سەر دەستگیركراوانی بادینان، داواش لە سەرۆكی ھەرێم دەكات لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات و پەرلەمانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت.

دەقی راگەیەنراوەكە:

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەوپەری نیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیاری دادگای تەمیزی هەرێم لە بارەی پەسەندكردنی سزای نادادپەروەرانەی سەر چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستگیراوەكانی بادینان. پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان، بنەماكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین لەناو هەرێم، و وێنای هەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێرای ئەوەی لەرێگای كەناڵە رەسمیە جۆراوجۆرەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەرخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیراوەكانی بادینان، لەھەمان كاتدا داوا دەكات بەرێز سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەكاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات، هاوكات پەرلەمانی كوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت. هەروەها پێشوازی لە هەر پارت و لایەنێكی سیاسی دەكات كە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی یەكێتی بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیش دەكاتەوە، ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و گەلەكەمان، پێویستی بە پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتانی دۆست ھەبووە و ھەیە، تۆمەتباركردنیان بە ناڕەوا و نیگەرانكردنیان خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات، و بۆ ئەوەی لە تەنگەژەكاندا پشتیوانی ئەزموونەكەمان بن، پێویستە بە چاوی وەفاوە لێیان بڕوانرێت و رێزیان لێ بگیرێت.

ک-ش