"نازانرێت ئیمراڵی بە کامە یاسا بەڕێوەدەبرێت"

ئەندامی نووسینگەی یاسایی سەدە ئۆزگور ئەرۆڵ لە پانێڵێکدا لە ڕحا قسەی کرد و گوتی، نازانرێت ئیمراڵی بە کامە یاسا بەڕێوەدەبرێت.

گۆشەگیری ئیمراڵی

لقی ڕحای کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) بۆ تیشکخستنەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە ناونیشانی "ڕوانین لە گۆشەگیری لە گۆشەنیگای ئازادیخوازانەوە" پانێڵێکی ڕێکخست، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) عومەر ئۆجالان و ئەندامی نووسینگەی یاسایی سەدە ئۆزگور ئەرۆل قسەیان کرد.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ژنانی لقی ڕحای ئۆهەدە مزگین کورتئۆغلو وەک بەڕێوەبەری پانێڵ قسەکانی دەست پێ کرد و تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ئۆزگور ئەرۆڵ لەبارەی ئیمراڵییەوە گوتی: "یەکەمین شوێنە لە ئاستی نێونەتەوەییدا کە ستاتۆکەی و ئەو یاساییەی لەڕێگەیەوە بەڕێودەبرێت نەزانراوە".

ڕایگەیاند هەموو شتێک لە ئیمراڵی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قەدەغەکراوە، هەر شتێک دەچێتە ناوەوە یان دێتە دەرەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، دیداری بنەماڵە و پارێزەران ماوەیەکی درێژە وەستێنراوە.

ئەرۆڵ ڕایگەیاند کاتێک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هاوڕێکانی دێنەدەرەوە بە پاساوی ئەوەی "بۆچی لەنێو خۆتاندا قسە دەکەن" سزای دیسپلین بەسەریاندا دەسەپێنرێت، گوتی: "پرسە بنەڕەتییەکە قووڵکردنەوەی گۆشەگیری نییە، قووڵکردنەوەی گۆشەگیری پیشاندەری ئەوەیە، ئۆجالان چەندێک بەرخۆدان دەکات".

ئەرۆڵ جەختی کردەوە لە گرنگی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد، ئاماژەی بەوە کرد هەوڵەکانی ماندێلا بۆ گەلانی باشووری ئەفریقا و پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەیەک دەچن، دووپاتی کردەوە تیڕوانینەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هێڵی ژیانە دژی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

عومەر ئۆجالان ئاماژەی کرد بە بێدەنگی هێزە بەناو دیموکراتیکەکان لە پرسی گۆشەگیری، هەروەها ڕۆڵی هێزە هەژموونخوازەکانی بیرخستەوە لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا، دووپاتی کردەوە ئەوەی لە ئیمراڵی ڕوودەدات دژی یاسا نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکانە، ڕایگەیاند لەپێناو هەڵگرتنی گۆشەگیری بەرخۆدانێکی مەزن لە زیندانەکاندا سەریهەڵداوە.

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند هەمووان دەزانن موخاتەبی پرسی کورد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، گوتی: "باسی ئاسایبوونەوە دەکرێت، ئەگەر ئاسایبوونەوە دروست ببێت، پێویستە بەڕێز ئۆجالان بدوێت. تا ئەمە نەیەتەدی ناتوانن شکستی ئابووری بوەستێنن. بە فیکری بەڕێز ئۆجالان هەلومەرجی ژیانی ئازادی هەمووان فەراهەم دەبێت".

پانێڵەکە بە پرسیار و وەڵام کۆتایی هات.