پاش سەردانی دەمیرتاش هاوسەرۆکان بانگەوازیان کرد بۆ تێکۆشانی هاوبەش
هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشیان کرد و بانگەوازیان کرد بۆ تێکۆشانی هاوبەش.
هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشیان کرد و بانگەوازیان کرد بۆ تێکۆشانی هاوبەش.
پاش ئاشکراکردنی بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان چوونە زیندانی جۆری F ی ئەدرنە و سەردانی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاشیان کرد کە ٤٢ ساڵ سزای بەسەردا سەپێنراوە. پاش سەردانەکە بە بەشداری چەندین کەس لەبەردەم زیندانەکە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و لەوێ درووشمی "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.
تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند دۆزی کۆبانێ دۆزێکی پیلانگێڕی و تۆڵەی سیاسییە، ئەو کورد و سۆسیالیست و شۆڕشگێڕە چەپانەی لە تورکیا پێداگری لە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد دەکەن و تێکۆشانی یەکگرتووی دیموکراتیک دەپارێزن، سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
حاتەم ئۆغۆلاری ڕایگەیاند ڕەوشی دەمیرتاش باشە و گوتی: "سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک جاران، ئەمڕۆش هەمان هەڵوێست و ورەی هەیە. ئەم بڕیارە نەیتوانی تۆسقاڵێک پاشەکشە بە هاوڕێیانمان فیگەن و سەڵاحەدین بکات".
"تێکۆشانی هاوبەشمان بەردەوام دەبێت"
حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند دەمیرتاش سڵاو و خۆشەویستی بۆ هەمووتان هەبووە، گوتی: "ئەوان زۆر باش بوون. مۆراڵێکی بەرزیان هەبوو. تا شکاندنی ئاسنەکانی ناوەوە و دەرەوە و دیوارە ساردەکان، ئەو دیوارانەی بۆ مەبەستی سیاسی دروستکراون، تێدەکۆشین".
"شکستی داعش چەند کەسێکی هەراسان کردووە"
پاشان تونجەر باقرخان ڕایگەیاند لە بەرخۆدانی کۆبانێ، بە تێکۆشانی هاوبەشی کورد و عەرەب و گەلانی تورکیا دژی داعش، سەرکەوتنێکی هاوبەش بەدەست هات، گوتی: "دەبوو ئەم سەرکەوتنە لە تورکیا پیرۆز بکرایە، بەڵام بەداخەوە بوو بە ئامرازی دادگاییکردن. وا دیارە شكستی داعش چەند کەسێکی هەراسان کردووە. ئازادی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چەند کەسێکی ناڕەحەت کردووە. ئەوانەی پشتگیریان لە گەلی کۆبانێ کرد، دادگایی کران و سزادران. پێش هەموو شتێک دەڵێین، دان بەم بڕیارەدا نانێین. کورد و زەحمەتکێشان و گەلانی تورکیا، دان بەم بڕیارەدا نانێن".
باقرخان و حاتەم ئۆغۆللاری بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا پەیامی تێکۆشانی هاوبەشیان دووپاتکردەوە.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوانیان دایەوە.