پژاک: کرێکاران بڕبڕەی پشتی تێکۆشانە ئازادیخوازەکانن

پژاک ڕۆژی ١ی گوڵانی لە هەموو کرێکارانی نەتەوە بندەستەکان و جیهان پیرۆز کردووە و ڕایگەیاندووە: کرێکاران بڕبڕەی پشتی تێکۆشانە ئازادیخوازەکانن، داواشی کردووە کە هەموو توێژەکان پشتیوانی لە تێکۆشانی کرێکاران بکەن.

 

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، بە بۆنەی ١ی گولانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاکردەوە و ئەو ڕۆژەی لە هەموو کرێکارانی کوردستان، ئێران و جیهان پیرۆز کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پژاک-دا هاتووە: ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکار، ڕۆژی ناڕەزایەتی، سەرهەڵدان و تێکۆشان دژی، کوشتار، لەسێدارەدان و بێبەشکردنی کرێکارانی جیهان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییەکان و ئازادیی تەواوی کۆمەڵگا بە پێشەنگایەتی توێژی ڕەنجدەری کرێکارە، ڕۆژی هەڵهاتنی خۆری هەموو سەرهەڵدانەکان بۆ گۆڕینی جیهانی تاریکی سەرمایەداری لە هەموو ئازادیخوازانی کوردستان، ئێران و جیهان پیرۆز دەکەین.

هەروەها هاتووە: ١ی ئایار یەکێک لە ڕۆژە سیمبولیکەکانە کە هەمیشە نیشانەی بەرزبوونەوەی سەرهەڵدانی گەلی کورد بۆ تێکۆشان دژبە فاشیزم و کۆمەڵکوژی بووە و هەروەها سەرهەڵدانی ئازادیخوازانەی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کوردی بەهێز کردووە، توێژی کرێکار هەمیشە پێشەنگی ڕەنجدەری هەموو سەرهەڵدانە هاوچەرخەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و بووەتە هێمای یەکێتی نەتەوە مەزڵومەکان و هەموو ساڵێک زیاتر لە ڕابردوو نەتەوە بندەستەکانی ئاگاتر کردووەتەوە و نزیکیان کردووەتەوە لە ئازادی.

لە بەردەوامی هاتووە: ١ی ئایاری ساڵی ١٩٤٦، خۆپیشاندانی کرێکارانی کرماشان تێکەڵی خاک و خوێن کرا و ١٤ کرێکار کوژران و ١٢٠ کرێکاری دیکەش بریندارکران، کە وەک یەکەم گیانبەختکردووانی ١ی ئایار لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یادیان دەکرێتەوە، ئەمڕۆکەش فاشیزمی خوێنخوار، ڕۆژانە بە بنپێیکردنی مافی دیموکراتی کرێکاران و برسی کردن و لەسێدارەدان، لە ڕاستیدا هموو کۆمەڵگای کۆت و بەند کردووە، هەموو سەرکوتە سیاسیی و سەربازییەکان لە ئێران، وەک جاران بە سەرکوتی توێژی کرێکار دەستپێدەکات و لەم ڕێگەیەوە هەموو بەڕێکخستن کردنە دیموکراتییەکان ئاستەنگ دەکەن، ترس لە یەکڕێزی و یەکێتی کرێکاران و چالاکییە بەردەوامەکانیان، لە ڕاستیدا ترس لە سەرهەڵدانی کۆتایی بۆ سەرکەوتنی بندەستانە.

هەروەها هاتووە: ڕێگەی ئازادیی گەلی کوردیش لە دەروازەی تێکۆشانی کرێکارانەوە تێدەپەڕێت، لە سەدەی ڕابردوو کە سیاسەتی بێ بەزەییانە و دڕندانەی کۆمەڵکوژیی فاشیزم دژی گەلی کورد بەردەوام بوو، توێژی کرێکار لە  بەرەی پێشەوەی هەموو تێکۆشانە ئازادیخوازانەکاندا ڕۆڵێ بڕبڕەی پشتی گێراوە و هێشتاش ئەم ڕۆڵە بێ گەردەی کەم نەبووەتەوە، تێکۆشانی کرێکاری لەو جۆرەیە کە گەنجان، ژنان، بێبەشان و هەموو توێژەکان لە ڕێکخستنی خۆی هاوبەش دەکات و وەک سەرهەڵدانی کۆمەڵگای کوردییە.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: دیاردەی کۆڵبەری لە کوردستان، نیشانەی دۆخێک خراپتر لە دۆخی کریكارانە کە ڕەهەندی کوشتاری گرتووەتەبەر، ئەم زوڵمەی دوژمن، زوڵمێک دژی هەموو گەلی کوردە.

لە کۆتاییش هاتووە: پژاک لەگەڵ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکاران و پیرۆزبایی لە هەموو کرێکارانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قۆناغی ئێستا بە قۆناغی بەرزبوونەوەی سەرهەڵدانی دیموکراتی و بەردەوامی گەلەکەمان و گەلانی ئێران لە دۆخی هەرە قەیراناوی و شەڕ دەزانێت، ڕێبەر ئاپۆ بە پێشەنگایەتی خۆی لە بەرەوپێشبردنی شەڕی شۆرشگێڕی گەل، وەک تێکۆشانی ڕەوای توێژی کرێکار لە بەرامبەر سیستمێک کە زوڵمی چینایەتیی بۆ دەستبەسەرداگرتنی زیاتری کۆمەڵگا، گەیاندووەتە بەرزترین ئاست، ڕۆژی کرێکار ڕۆژێک سەروتر لە ڕۆژی توێژێکە و هەموو چەمکەکانی نرخ و دەستکەوتەکانی بەرخۆدانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرێت و پشتیوانی لێی باشترین شێوەی بۆ خاوەنداری لەم نرخانە لەم ڕۆژەیە، بۆیە پێویستە هەموو گەنجان، ژنان، کارمەندان، چالاکوانانی سیاسی-مەدەنی و ڕۆشنبیران پشتیوانیی و یەکێتی گشتگیریان لەگەڵ توێژی کرێکار هەبێت و بە سەرهەڵدانی خۆیان و بە ئامادەبوونیان لە مەیدانەکان لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، کەمپەینی “نا بۆ سێدارە، بەڵی بۆ دیموکراسی” لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەدژی لەسێدارەدان، کۆمەڵکوژی و شەڕ، بگەیەننە سەرکەوتن، ڕۆژی کرێکار دەتوانێت، سەرسەختانە هەڵویستی ڕادیکاڵ و دیموکراتیانەی هەموو گەلانی ئێران، لە قۆناغی هەستیاری هەنووکەیی بەرز بکاتەوە و ڕێگە لە سەرکوتەکانی دەسەڵاتی ئێران بگرێت و تێکۆشانی ئازادی هەنگاوێک زیاتر لە سەرکەوتن نزیک بکاتەوە.

ک-ش