رێپێوان بەرەو جۆلەمێرگ دەستیپێکرد

لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ لە چەندین شارەوە رێپێوان بەرەو جۆلەمێرگ دەستیپێکرد.

لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ و زیندانیکردنی هاوسەرۆکی شارەوانی محەمەد سدیق ئاکش رۆژی پێنج شەممە ١٣ی حوزەیران گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە جۆلەمێرگ ساز دەکرێت.

گردبوونەوەکە لە گۆڕەپانی ئۆتۆگار لە دەروازەی شارەکە ساز دەکرێت. ئامادەکارییەکان بۆ گردبوونەوەکە بەردەوامن. بە تایبەتی لە ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر ژمارەیەکی زۆر بە پاس بەرەو جۆلەمێرگ کەوتنەرێ.

بەشداربووانی ئەو چالاکیە لە بەردەم بیناکانی دەم پارتی کۆبوونەوە و بە وتنەوەی دروشمەکانی "بژی بەرخودانی جۆلەمێرگ" و "جۆلەمێرگ هی ئێمەیە" پشتیوانی خۆیان لە بەرخودانی جۆلەمێرگ نیشاندا و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلیان شەرمەزار کرا.

هاوکات پەیامی ئەوەیاندا کە بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم بەرەو جۆلەمێرگ دەکەونەڕێ و جەختیشیان کردەوە کە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەتوانن بگەنە سەرکەوتن.

هاوکات پەیامی ئەوەشیان راگەیاند، کە ناهێڵن خەڵکی جۆلەمێرگ بە تەنیا بن و تا سەرکەوتن بەردەوام دەبن لە چالاکیەکانیان و داواشیان کرد رای گشتیی پشتیوانیان لێبکات.

هـ . ب